کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات ــ بلژیک، لە کۆنفرانسی کەمایەتییە ئێتنیکییەکان لە برۆکسێل

13:27 - 13 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات ــ بلژیک، لە کۆنفرانسی چالش (لێگەرەکا)نی نوێ بۆ کۆمەڵگەکانی موسولمان ــ کەمایەتییە ئێتنیکییەکان لە شاری برۆکسێل بەشداریی کرد.
تەوەرێکی ئەو کۆنفرانسەکە لەسەر دۆخی کورد لە ئێراندا بوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سیمینارەکە لە ژێر ناوی ‌چالش (لێگەرەکا)نی نوێ بۆ کۆمەڵگەکانی موسولمان ــ کەمایتییە ئێتنیکییەکان لەلایەن ئەنجومەنی مەدەنی و مافی مرۆڤی امید بە زمانی فەڕانسەوی ساز درابوو.
بەشی یەکەمی ئەو کۆنفراسە تەرخان کرابوو بۆ کەمایەتیی نەتەوەیی کەبیل لە وڵاتانی باکووری ئافریقا و لەو پێوەندییەدا حەمید سەلمی، دەروونناس و مامۆستای زانکۆی پاریس باس و لێکدانەوەیەکی ورد و سەرنجراکێشی لەسەر کەمایەتیی نەتەوەیی کەبیل، یان بەربەر لە وڵاتانی باکووری ئافریقا پێشکەش کرد و ئاماژەی بە مێژووی ئەو کەمایەتییە نەتەوەیی‌یە لە وڵاتانی ئەلجەزایر، لیبی و مەراکش کرد و هەروەها ئاماژەی بە چۆنیەتیی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی رەگەزی لەسەر ئەو کەمایەتییە کرد.
بەشی دووهەمی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ گەلی کورد لە ئێران و لەو بەشەدا، بابەتێک لەژێر ناوی دۆخی خەڵکی کورد لە ئێران\'\' لەلایەن چالاکی سیاسیی کورد، عەلی نیکڕەوێش پێشکەش کرا و لە سەرەتای بابەتەکەیدا باسی مێژووی درووست بوونی نەتەوەی کورد و قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەو نەتەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد و بەتایبەت ئاماژەی بە دابەش کرانی کوردستان پاش شەڕی چاڵدوران و دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کرد.
ئەو کۆڕ گێڕە ئاوڕێکی گشتیی لە هەموو کێشە و گرفتەکانی ژیانی کوردەکان لە ‌ئێران لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کولتووری و کۆمەڵایەتی دایەوە و لە بەشی دیکەی قسەکانیدا باسی دۆخی ناڵەباری مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێرانی کرد.
شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک کە بە فەرمی بۆ ئەم سمینارە بانگهێشت کرابوو، بە شێوەیەکی چالاک لەو سمینارەدا بەشدار بوو.