کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر، لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد

16:31 - 15 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: مامۆستا سەید تاهیر فەهمی کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری ناوچەی موکریان، بەهۆی پیری لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٤ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی مامۆستا سەید تاهیر فەهمی کوڕی سەید عەبدولحەکیم، کەسایەتی ئایینی و نیشتمانپەروەری کورد لە ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا سەید تاهیر لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لە ئاوایی گەسگەسکی سەربە شاری پیرانشار لە دایک بووە و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا وەک هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەر بۆ ئامانجەکانی کۆماری کوردستان تێکۆشاوە.
لە ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی بەهۆی وەفادار بوون بە رێباز و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و درێژەدان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی، لەلایەن رێژیمی پەهلەوییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ ساڵ دەسبەسەر و زیندانی کراوە.
سەید تاهیر پاش ئازاد بوونی لەسەر رێبازی کوردایەتی بەردەوام دەبێت و هەتا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی دیسان و بۆ جارێکی دیکە لەلایەن دەزگا سیخورییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ماوەیەک دەسبەسەر و رەوانەی زیندان کراوە.
مامۆستا سەید تاهیر فەهمی وەک کەسایەتییەکی ئایینی لە کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژهەڵات و لە پەسۆێ‌و سێڵوێ درێژەی بە خوێندنی وانە ئایینی و نیشتمانییەکان داوە و پاشان بە کاری مەلایەتی خەریک بووە و بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە شاری شنۆ و لە ئاوایی‌یەکانی پرداوێ‌، خانلەر، سەوجە وەک مامۆستایەکی ئایینی خەریکی خزمەت بە کۆمەڵگای کوردستان بووە و بەردەوام لەم رێگایەوە بۆ بە هێز کردنی بیری نەتەوەیی و تێکۆشان لەو راستایەدا، هەوڵی وشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگای داوە.
مامۆستا تاهیر رۆژی دووشەممە ١٤ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، لە ئاوایی سەوجەی سەربە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆرای گەرمی خەڵکی شاری شنۆ و لە گۆرستانی سوڵتان مستەفای ئەو شارە بە خاک سپێردرا.

3908.jpg


حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران وێرای دەربڕینی هاوخەمی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری مامۆستا تاهیر دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.
رۆحی شاد