کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتووێژی کوردستان میدیا لەگەڵ چالاکێکی بواری مافەکانی ژنان بە بۆنەی ٨ی مارس

13:52 - 16 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: ماڵپەڕی کوردستان میدیا بۆ زیاتر تیشک خستنە سەر کێشەکانی ژنان و دۆزینەوەی رێگا چارە بۆ چارەسەریی ئەو کێشانە و هەروەها چالاکی ئەو توێژە لە کۆمەڵگەدا، دیمانەیەکی لەگەڵ خاتوو رووناک فەرەج رەحیم داکۆکیکاری مافەکانی ژنان پێک هێنا.
دەقی وتووێژەکە:

کوردستان میدیا: چالاکییەکانی ژنان زیاتر بەستراونەتەوە بە بۆنە و رێوڕەسمە جیهانی و ناوچەیی‌یەکان، بە واتایەکی‌تر تەنیا لەو کات و ساتانەدا چڕتر دەبنەوە، ئێوە هۆکاری ئەمە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟

رووناک فەرەج: ئەم پرسیارەی بەرێزتان قسەی زۆر هەڵدەگرێت کە لێرەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە چالاکییەکانمان لەم بۆنانەدا زەق دەکەینەوە وەک خۆپیشاندان و دروشم زۆر چالاکیی‌تر، لەبەر ئەوەیە لە تەواوی دونیادا لەم بۆنانەدا ژنان یەک دەنگن و بۆ ئامانجە ستراتیژییەکانیان دەتوانن سەرنجی خەڵک و حکوومەت زیاتر رابکێشین هەر ئەو سەرنج راکێشانە بۆتە هۆی ئەوەی کە ژنان ساڵ بە ساڵ زیاتر مافەکانی خۆیان لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا سەپاند، دیارە ئەم چالاکییانە لە هەر وڵات و شوێنێکدا بەشێوازی جیاجیا ئەنجام دەدرێت. دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئەم بۆنانە بەرەنجامی خەباتی دوور و درێژی ژنانی دەستە بژێر و ژنانی زەحمەتکێشە و لە ٢٥ نۆڤەمبەر و ٨ی مارس زۆر ژنان سوتێنراون و ملیان پەرێنراوە ئەمە مێژوویەکی پڕ جورئەت و قوربانییە.
کوردستان میدیا: لەبەر چی چالاکییەکانی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان (چوار پارچە) تەنیا لە چوارچێوەی کوردستاندا قەتیس کراوەتەوە و گشتگیر نەبووە؟

رووناک فەرەج:
من لەگەڵ ئەم پرسیارەی بەرێزتان نیم لە بەرئەوەی پارچەکانی کوردستان نەوەستاون هەر یەک بەپێی ئاستی توانای خۆی دەنگی خۆی دەگەیەنێت بەڵام ئێمە لە فەزایەک داین، ئازادین و دەنگی خۆمان دەگەیەنین و زۆرجار ئەوانیش دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی ئێمە، بە نموونە ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەناو ئەو فەزا تەنگەدا چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان بەردەوامە و ژنانی باکووری کوردستانیش بە هەمان شێوە.
کوردستان میدیا: ژنانی کورد لە بواری فەرهەنگی، نووسین و رۆژنامەنووسیدا زۆر جار بەباشی کار دەکەن، بەڵام دوای ماوەیەک کار کردن دەکشێنەوە و بەردەوام نین، پێتان وایە هۆکاری بەردەوام نەبوونیان چییە؟

رووناک فەرەج: ئەم پرسیارەی بەرێزتان بەپێی جوغرافیا و مەوقعیەتی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت ئەگەر مەبەستت باشوورە رێگری کۆمەڵایەتی هەیە و لەبواری سیاسییەوە گرفت نییە، ئەگەر مەبەستت ئێرانە حکوومەت بە ئایدۆلۆژیە سیاسییەکەی ژنانی قەید و بەند کردووە کەواتە بونی ژنان لە ناوەندە رۆشنبیرییەکان بەستراوە بە زەمینەی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگایەی تێیدایە، ئەگەر زیاتر لە باشووری کوردستان قسە بکەین بە شێوەیەکی گشتی زەمینەی کۆمەڵایەتی بۆ کارکردنی ژنان لاوازە لەبەر ئەوەی یەکێک لە بنەماکانی سیستمی پیاوسالاری دوورکەوتنەوەی ژنان لە ناوەندە رۆشنبیری و فکرییەکانە ئەمە هۆکارێکی گرنگە بۆ ئەوەی ژنان دوورکەونەوە لەم بوارە ئەو ژمارە کەمەش کەدێنە پێشەوە بەهۆی زۆری ئاستەنگەکانەوە هەندێکیان نەتوانن تاکۆتایی بمێننەوە.

کوردستان میدیا:
ئایا کۆمەڵگەی کوردی وا بە ئاسانی رێگە بە ژنان و کچان بە مەبەستی خوێندنی ئەکادمیی و خۆ پێگەیاندن لەو بوارانەی کە پێاوان ئەنجامی دەدەن، دەدات؟

رووناک فەرەج: ئێمە دەبێ‌لە بەردەم دوو وشەی خوێندنی ئەکادیمی و پێگەیاندن بووەستین، دیارە بۆ مەسەلەی رێگەدان ئەمەش ئەشێ وردی بکەینەوە بۆ رێگەدان بە خوێندنی ئەکادیمی ساڵ بە ساڵ ژمارەی ئەو ژنانەی زیاد دەکات کە خوێندنی ئەکادیمی تەواو دەکەن بەڵام دەبێت لەمەشدا رێگا پێدراوە کۆمەڵایەتییەکان بخەینە پێش چاو و رۆڵی هەیە بۆ گرنگی نەدانی ژنان خوێندنی باڵا بەتایبەت ترسی تێپەڕینی تەمەن و زۆر شتی‌تر، گربێینە سەر وشەی خۆپێگەیاندن ئەوە لەفەرهەنگی ئێمەدا کۆمەڵێک سیفەت بۆ ژن دانراوە، ئەگەر ئەو سیفەتانەی تێدا بێت ئەوە گرنگە مەسەلەی خۆپێگەیاندنی زەینی و بەهێزی کەسێتی ئەوە جێگەی باس نییە بۆیە گەر ژنێکیش بە ماندوو بوون و هەوڵ بتوانێت لەناو ئەم فەزایەدا جێگەی خۆی بکاتەوە و گەشە بکات ئەوە نەک دەستخۆشی ناکرێت و هان نادرێت بەڵکوو بەدەیان ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت.
کوردستان میدیا: بە رای ئێوە پەیامی ٨‌ی مارس بۆ ژنانی کورد کە بەشێکن لە ژنانی جیهان، چییە؟

رووناک فەرەج: لە تەواوی دونیادا یەک ستراتیژیەت، ژنان کۆدەکاتەوە کە ئەویش نەمانی توندوتیژی دژ بە ژنان و بەردەوامی خەبات هەتا گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەری یەکسانیخواز، جا ئیدی ئەم پەیامە لەهەر وڵاتێکدا بە شێوازێک گوزارشتی لێ دەکرێت، دیارە لە هەرێمی کوردستان ئەم پەیامە بە شێوازی جۆراوجۆر ئاراستەی حکوومەت و کۆمەڵگە دەکرێت کە هەموو شێوازەکانیش هەر یەک ستراتیژ کۆیان دەکاتەوە ئەویش نەهێشتنی توندوتیژیە لەسەر بنەمای رەگەز.


سپاس بۆ خاتوو رووناک فەرەج، سەرکەوتوو بیت

روناک فەرەج رەحیم، لەساڵی 1991ـەوە مەسەلەی ژنانی بۆ خۆی کردۆتە ئامانج و بە نووسراوە و پراکتیک کاری بۆ کردووە

ــ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هەرێمی کوردستانە

ــ سەرپەرستی سەنتەری راگەیاندن و روناکبیری ژنان لە هەرێمی کوردستانە