کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ بلژیك لە خۆپیشاندانێكی دژی لە سێدارەدانی خەباتگێڕانی نەتەوەكانی ئێران

20:16 - 19 رەشەمه 2712

كوردستان میدیا: بە بەشداریی شاندێكی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستان ـ بلژیك، رێپێوانێك پێكهاتوو لە نوێنەر و چالاكانی سیاسیی حیزبە كوردییەكان، عەرەب و ئازەرییەكانی ئێران، لە بەردەم كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی یەكیەتیی ئورووپا لە برۆكسێل بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئەو رێپێوانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەڕبڕین لە هەمبەر سیاسەتەكانی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە زیندانیانی سیاسی و چالاكانی نەتەوە ستەم لێكراوەكانی ئێرانی و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەریاندا بە دەست پێشخەری چەند حیزب و كەسایەتیی سیاسی عەرەبی ئەهوازی لە ئورووپا بەڕێوە چوو.
لەو رێپێوانەدا خەڵكانێكی زۆر لە وڵاتانی بلژیك، ئاڵمان، هولەند، سویس و بریتانیا بەشدار بوون و هەروەها نوێنەرانی حیزبە سیاسییەكان پەیامیان پێشكەش كرد.
هیوا میهەن‌خا، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی و ئێرانییەكانی كۆمیتەی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ـ بلژیك، لەو رێپێوانەدا پەیامێكی پێشكەش كرد و لە پەیامەكەیدا تیشكی خستبووە سەر ئەوە كە سیاسەتی دژە مرۆڤییەكانی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی لە 34 ساڵ لەمەوبەرەوە بە شێوەیەكی سیستماتیك بە دژی گەلانی ئێران و بەشێوەیەكی بەرچاو دژ بە ‌نەتەوەی كورد بەڕێوە چووە.

3975.jpg


نوێنەری كۆمیتەی حیزبی دێموكرات لە بلژیك، وێرای داواكاری لە كۆڕ و كۆمەڵە نێونەتەوەییەكان و بەتایبەت رێكخراوەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ لە ئاستی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوێست گرتنی گونجاو و لەجێدا لە‌هەمبەر رەوتی سەركووتی ئاشكرا و بەرچاوی ئازادیخوازانی نەتەوەكانی ئێران و لەسێدارەدانی زندانیانی سیاسی ئەو نەتەوانە، جەختیشی لە سەر یەكگرتوویی و هاوخەباتیی هەموو حیزب و رێكخراوەكانی نەتەوەكانی ئێرانی كردەوە.

لەو رێپێوانەدا پەیامی چەندین حیزب و رێكخراوی سیاسی كوردی، ئازەری و عەرەب خوێندرانەوە و چەندین كەسایەتی سیاسی لەوێدا قسەیان كرد.