کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارس و چەند پەیڤێك (مەلا برایم مەجیدپوور)

20:45 - 19 رەشەمه 2712

مەلا برایم مەجیدپوور

لە رۆژی جیهانی ژن‌دا روو دەكەمە دایكان و باوكان، خوشكان و برایان، كچان و كوڕان و دەڵێم : بەڕێزان دایك كۆڵەكەی ماڵی ژیانە و زەحمەت‌كێشترین مرۆڤەكان ژنە ، هەموو رۆڵەكانی هەڵكەوتووی ئەم جیهانە ئەوەی پەروەردەی كردون و پێی گەیاندون ژنە، گشت قارەمان و گەورە زانایانی ئەم سەر زەویەش دایكیان ژنە ، هەموومان بە ژەكی دایك فرچك دراوین، بەلای لایەی دایك دەخە و كراوین، بەباوەشی گەرم و كۆڵ و قەڵاندۆشی دایك حاوێندراوینەوە، دایك لە تۆوی باوك گوڕاوە و باوكیش لە زەوی دایكدا گوڕاوە و هەڵیداوە، بەكورتی، ئەگەر دایك نەبوو باوك نابێ، بە بێ باوكێش دایك بوونی نیە، دووشت كە بە بێ یەك بوونیان نابێ و تەواو كەری یەكترن، بۆ دەبێ یەكیان قەرەواش و ئەویتریان ئاغا بێ ؟! ژن دایكە، خوشكە، نەنكە ، پوورە، كە هەمویان جێگە و پێگەی خۆیان هەیە، ئەوانەی بەسوك چاو لەژن دەكەن لە پێشدا بایەخی خۆیان لەدەست دەدەن چونكە خۆیان كوڕی ژنن. ئەگەر كەسانێك بە ناوی دین لەبەر پیاو بوون زیدە بەشی دەدەن بە پیاو بەتەواوی هەڵەن! ژن و پیاو خوا وەك مرۆف ناویان دەبا و هەموو مافێكی مرۆڤانەی وەك یەكیان پێدەدا. وەك دایكیش بەرزترین پلەی دەداتێ و لە دوای پەرستنی خوا و پێغەمبەر خزمەتی دایك و باوك باس دەكا.

دەوەرن با هەموومان لە و رۆژەدا بەڵێن بدەین لەخزمەتكردنی دایك و باوك و رێزگرتن لە مافی یەكتری دا هەڵەكانی رابردوو دووپات نەكەینەوە، ئەو مافەی بە ناوی پیاو بە پێی سوننەتی كۆن لە شەریكەكانمان داگیر كراوە بیان دەینەوە، كۆمەڵگایەكی مرۆڤانەی هاوبەش دروست بكەین، خۆشەویستی و رێزلێك نان و یار و یاوەربوون بكەینە بنەمای ژیان، ئاسەوارەشوومەكانی كۆن لەبیر بكەین، بناغەی ژیانی نوێی بە ئەقڵ و مەنتیق و زانست دابڕێژین هەتا تامی راستەقێنە لە ژیان بچێژین، هەرچی لێكمان بكا توڕی هەڵدەین. وەك مرۆڤ هیچمان لێك زیاتر نیە و زیاتریشمان پێ نابڕێ. من دڵنیام هیچ ئایین و ئیدەیەك بۆ دژایەتی مرۆڤ نە هاتووە و دانەنراوە، ئەوە مرۆڤەكانن دژایەتی یەكتر دەكەن و دەست بۆ مافی یەكتر درێژ دەكەن. ئێمە ئەقڵ و مەنتێق و زانستمان وەلا ناوە و بیر ناكەینەوە و لێكدانەوەمان نیە، خۆمان خەتا دەكەین و یەكتری پێ تاوانبار دەكەین.

ئەگەر ئێمە هەموو ژیانمان ببێتە لاساكردنەوە و وەدواكەوتنی بێ هەڵسەنگاندن ، ئەدی پێم ناڵێن ئەقڵ و مەنتێق و زانستمان بۆ چیە؟! دەوەرن باهەموومان بۆ پێكەوە ژیانێكی هاوبەشی پڕ لە خۆشی تێبكۆشین ، نەفرین لە ناكۆكی و جیاوازی و هەڵاواردن بكەین. دەبا لە دنیای تۆڵە بێینە دەر و روو بكەینە ژیانی لێبوردەیەیی و رێنوێنی و دەسگیرۆیی، وەك هاوكار و هاوبەش بین نەك دژ و دژبەر. دەبا لەدنیای قسە و پڕوپاگەندە بێینە دەرو هەنگاوی بەكردەوە بنێین و دەسپێكەكەش لە خۆمان رابێ. دەبا وشەی سالار و سەردار لە ئەدەبیاتەكەمان بسڕینەوە و لە جێگای ئەو وشەی هاوژین و خەمخۆر و هاوكار بەكار بێنین. بەداخەوە زۆرینەی سەردار و سالارەكان لاسارن جا چ پیاو بن و چ ژن!

دایكان و خوشكان ئێوە مافی ئینسانی وەك پیاوتان هەیە بێ كەم و زیادی ، دەبێ ژیرانە و بوێڕانە بەرگری لە مافەكانتان بكەن و كۆڵ مەدەن. ئێمەی پیاویش دەبێ پێ لە هەڵەی شێوە ڕەفتاری رابردوومان دەرهەق بە ژن بنێین. مافەكە رەوایە و رێگەكەش سەختە، لە خۆبردەیی و لە سەرەخۆیی گەرەكە، واز مەهێنن و باكتان لە تانە و تەشەر نەبێ، مافێكی هێندە گەورە ماندووبونی زۆری دەوێ بە باوەڕی شانازییە بۆ پیاوان كە لەو ماندوو بوونەدا هاوكاری دڵسۆزتان بن، بەتایبەتی ئێمە لە مەڵبەندێك دا دەژین هەتا ئەوڕۆش داب و نەریتی كۆن و عەشیرەتی دەوری ماوە و گەلەكەشمان لە كاروانی زانست و پێشكەوتن دا لە دەسپێكی رێگا دایە، هەر بۆیە پێویستە زانایانە و هێمنانە و دوور لە هەڵچون بەرە و رووی مەسەلەكە بین. وریا بن وڵامی خراپەكان بە خراپتر نەدەنەوە، ئەو كارانەی بۆ پیاوانی بەخراپ دەزانن بۆ خۆتانی بەباش مەزانن.( من بد كنم وتو بد مكافات دهی ـ پس فرق میان من و تو چیست بگو) خوشكانی بەڕێز دەیی بزانن بە بێ دامەزراندنی پڕۆسەیەكی زانستیانە بۆ پێكەوە ژیانێكی هاوبەش كێشەی مافی ژن نەك چارەسەر ناكرێ بگرە ئاڵۆزتر دەبێ .

دووبارە پیرۆز باییتان لێدەكەم و ئاواتە خوازم مرۆڤەكان رێزی كەسایەتی و ماڤی یەكتر بگرن بە ژن و پیاوانەوە، بە یەكەوە ژیانێك دروست بكەن كە پەسندی هەردوو لا بێ.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە نووسین و ناوەرۆکی ئەم بابەتە بەرپرسیار نیە