کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە ــ سویس، لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئیسپانیا لە ژنێڤ کۆبوونەوە

22:28 - 19 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: نوێنەرانی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە ژنێڤ‌چاوپێکەوتنیان لەگەڵ شاندێکی وڵاتی ئیسپانیا پێکهێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، مانویل دۆمینگز راوێژکاری باڵوێزی ئیسپانیا و ڤینچەنتێ کاچۆ سکرتێری یەکەمی هەیئەتی هەمیشەیی ئیسپانیا لە UN لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ باوە ئەلیاسی ئەندامی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ سویس و خالید حوسێن‌زادە نوێنەری دەرەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ سویس ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد.
نوێنەرانی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات، باسی بارودۆخی سیاسی ئێرانیان کرد و لە باسەکەیەندا، ئاماژەیان بە سیاسەتی هەڵاواردن دژ بە نەتەوە ستەم لێ کراوەکان ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران کرد.
باوە ئەلیاسی و خالید حوسێن‌زادە باسیان لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کرد و وێڕای شی کردنەوەی پێکهاتە و ئامانجەکانی ئەو کۆنگرەیە، گونجاو بوونی سیستمی فدراڵییان لە ئێران بۆ شاندی ئیسپانیا کرد.
لە درێژەی قسەکانیاندا، پێوەندییەکانی حیزب و کۆمەڵە باسیان لە و هەڵاواردنانە کرد کە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئێران دژ بە کەمایەتییە ئایینییەکان و نەتەوە ستەم لێ کراوەکان بەڕێوە دەچێت.
دواتر شاندی وڵاتی ئیسپانیا کۆمەڵێک پرسیاری وەکوو: بەشداریی حیزبە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکان و شێوازی پێشێڵ کردنی مافەکانیان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە نوێنەرانی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە کرد.
ئەو دوو نوێنەرە لە وڵامی ئەو پرسیارانەدا وتیان: لەبەر ئەوەی حیزبە کوردییەکان بە نایاسایی لەقەڵەم دراون، ناتوانن ئازادانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، کە وابوو حیزبەکانێش هێچ کاندیدایەک پێشنیار ناکەن، ئەو کوردانەش کە خۆیان کاندید دەکەن دەبێ مەوردی تەییدی رێژیمی ئێران بن.