کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی هاوبەش بە بۆنەی ٨ی مارس لە شاری \"لینشۆپینگ\"ی سوێد بەڕێوەچوو

22:22 - 20 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: کۆمیتەکانی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سمینارێکی هاوبەشیان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٩ی رەشەمە، کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ لینشۆپینگ و بە هاوکاریی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی کوردستانی ئێران، سمینارێکی هاوبەشیان بەبۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژنان بەڕێوە برد.
سەرەتا بڕگە و بابەتەکانی سمینارەکە لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە هێرۆ حوسێنی، شەمسە ئەلیاسی و ئەسرین کوردی بە بەشداران ناسێنرا و پاشان بە راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت ئەو ژنانەی کە بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان تێکۆشاون دەستی پێ کرد.
پاشان بەو بۆنەوە پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان ئێران و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلایەن حەبیب ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لەو شارە پێشکەش کرا.
دواتر داوا لە خاتوون ئانالینا سویرنسوون ئەندامی پارلەمانی سوسیال دێمۆکراتەکان لە سوێد و ئەندامی گرووپ پارلەمانی سوێد بۆ رایەلەی پێوەندی سوێدی کوردی باسیکی لەسەر مافی مرۆڤ و توندوتیژی دژبە ژنان لە جیهاندا و چوونیەتیی بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ ئەو زوڵم و زۆرە، بۆ بەشداران قسەی کرد و لەسەر پێویستیی چاودێریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو شوێنانەی کە شەڕی تێدایە بۆ بەرگری کردن لە ژنان دوا.
ناوبراو لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە ژنان دەرەتانیان بۆ بڕەخسێت کە رۆڵی خۆیان لە بازاری کاردا دەربخەن و لە کار و باری سیاسیی وڵاتدا ئەرک و بەرپرسیاریەتی گرینگ بە ئەستۆ بگرن.
ئانالینا پێداگری لە پتەوتر کردنی پێوەندییەکانی نێوان سوسیال دێمۆکراتەکانی سوێد و کورد کردوەوە.
لە بەشیکی دیکە سمینارەکەدا داوا لە کاکەبرا ئەلیاسی کرا کە باسەکەی پێشکەش بکات. ناوبراو وێڕای دەست خۆشی لە هەر دوو حیزب بۆ پێکهینانی سمینارێکی هاوبەش بە بۆنەی ٨ی مارسەوە و پتەو کردنی پێوەندییەکانی نێوان هەردوو لا بۆ کاری هاوبەش و قووڵ‌تر کردنەوەی پێوەندییەکان لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە، بە ئەرکی زانی کە هەموو لایەنەکان بە هەست کردن بە ئەو بەرپرسیاریەتە کە لەسەر شانیانە هەنگاوی زیاتر و کاراتر بۆ ئەرکە نیشتمانی و باڵاکانی نەتەوەکەمان هەڵگرن.
لە دریژەی باسەکەیدا کۆڕگێر ئاماژەی بە مێژووی دروست بوونی ٨ی مارس کرد و رایگەیاند، دیاری کردنی رۆژیک بۆ ژنان و یاد کردنەوەی ئەو رۆژە زۆر گرینگە و هەموو کەس پێویستە لەلای خۆیەوە پێداچوونەوەیەک بە هەڵسوکەوت و رەفتارەکانیدا بکات. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە ژنان بەداخەوە چ لە لایەن دەسەڵات و چ لەلایەن کومەڵگاوە ستەمیان لێ کراوە و ئێستاش لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەت لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەپێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە ژنان رۆژانە دەچەوسێنرنەوە.
لە دریژەی سمینارەکەدا کاک ئیبراهیم شەم بەبۆنەی ٨ی مارس وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە پێویستە هەموو لایەنە سیاسی و کومەڵایەتییەکان کاری زیاتر و بەرچاوتر بۆ بەشداریی ژنان لە کاری سیاسی بکەن، بۆ نەهیشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان هەنگاو هەڵگرن.
پاشان حیدە حەممەدی چالاکی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان وتارێکی بە نرخی بە زمانی فارسی پێشکەش بە ئامادە بووان کرد.
دواتر رزگار پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی پشتیوانی لە دێمۆکراسی و ماف مروڤ، کۆمەڵەی دێمۆکراتیک و کۆمەڵەی کەم ئەندامانی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد.
دواتر پتووڵ حەمدی چالاکی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ رۆژی ژنان شیعرێکی بە زمانی فارسی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
لە بڕگەیەکی دیکەشدا دڵشاد ئەلیاسی بەبۆنەی ٨ی مارس پارچە شیعرێکی پێشکەش کرد.
دواتریش هەوار ئەلیاسی بە بۆنەی ٨ی مارس بابەتێکی بە زمانی سوێدی لەسەر رۆژی ٨ی مارس پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی سمینارەکە فاتمە شاخە گولی پێشکەش بە هەموو خوشکانی بەشدار لە ئەو سمینارەدا کرد.