کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆڵی ئێران لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا(مەجید حەقی )

14:06 - 27 رەشەمه 2712

مەجید حەقی

بیست و پێنج ساڵ دوای تاوانی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە ، بە دەگمەن باسی رۆڵی ئێران لە کیمیابارانی ئەو شارەدا کراوە. لەوانەیە هۆیەکەی ئەوە بێت، کە مادام رێژیمی سەدام دەستی بەو جینایەتە سامناکە داوە، وڵاتی هاوسێ کە رۆڵێکی گرینگی هەبووە لە گەیاندنی هەواڵی ئەو تاوانە بە جیهانی دەرەوە نەویستراوە ورچی گەورە ئازار بدرێ و پێوەندییە بێ دەنگەکان وەدەنگ بهێندرێت.

کیمیابارانی هەڵەبجە لەکاتێکدا ئەنجام درا، کە شەڕی هەشت ساڵەی نیوان ئێران و عێراق بەرە و کۆتاییەکانی خۆی نزیک دەبووە هێزەکانی ئێران، لە بەشێکی زۆر لە بەرەکانی شەڕ تووشی شکست دەبوون. بە هۆی پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتە عەرەبیەکان لە عێراق، ئێران لە شەڕی شارەکاندا کەمی دەهێنایەوە و فڕۆکەکانی نەیدەتوانی وەک عێراق بە دوورترین و گەورەترین شارەکانی ئەو وڵاتە بگەن و قوربانی زیاتر وەرگرن.

بەر لە هەڵەبجەش لە ساڵی ١٩٨٤ەوە چەکی کیمیاوی لە شەڕی نێوان دوو وڵات دا بەکار هێنراوە. لەو شەڕانەدا گازی خەردەل و گازی وی.ئیکس کە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق دەستیان پێدەگەیشت بەکار هاتوون. سەرنج راکێش ئەوەیە کە جگە لە دوو ناوچە نەبێ، هەموو چەک و بۆمبە کیمیاویەکان تەنیا لە کوردستان و ناوچەکوردنشینەکانی وەک مەریوان، بانە و گوندەکانی دەروبەر، پیرانشار، نۆدشە، سەردەشت بەکار بردراوە.

بەر لە کیمیابارانی هەڵەبجە، ئێران بە هۆی شکستە دوابەدواکانی لە بەرەکانی شەڕدا لەگەڵ دژایەتی بیرورای گشتی و کێشەکانی ناوخۆیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرەوروو ببوو. بۆ تێپەربوون لەو قەیرانە و هەروەها بۆ بەسیجی بیراورای گشتی ئێران بۆ پشتیوانی لە شەڕی نێوان دوو وڵاتدا، ئێران دەستی کرد بە نزیکبوونەوەی بەکردەوە لە هێزەکانی کوردی و بەکەڵک وەرگرتن لە دژایەتی بزاڤی کورد لە باشووری کوردستان لەگەڵ حکوومەتی سەدام، لە هەوڵی بەکارهێنانی ئەو هەلە زێرینە کەوت. ئەوە بوو بە پشت بەستن بە پشتیوانی و پێشرەوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، هێرشی کردە سەر ناوچەی هەڵەبجە و بەرلەوەی کە هێزەکانی بچنە ناو هەڵەبجە و ئەو شارە داگیر کەن، لە راگەیەنە گشتیەکانی ئێراندا پرۆپاگەندەی ئازاد کرانی هەڵەبجە بەدەست سەربازانی ئیسلام و پێشوازی خەڵکی ئەو شارە لە هێزە رزگاریدەرەکانیان راگەیاندرا.

کۆماری ئیسلامی لەو هێرشە و قوربانی کردنی هەڵەبچە چەندین ئامانجی ستراتێژی و سیاسی دەپێکا:

ـ بە هاندانی رژێمی سەددام بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە، توانی ماشێنی پرۆپاگەندەی خۆی لە مەڕ بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژی سەدام لە بەرەکانی شەردا بەهێزتر بکات و راگەیەنە گشتیەکانی جیهان لە ئێرانەوە بهێنێتە هەڵەبجە و بەوە بتوانێت پشتیوانی بیرورای گشتی جیهان بۆ شەری ئێران و عێراق راکێشێ.
ـ بە کەڵک وەرگرتن لە دژایەتی خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان، خەڵکی کورد بکاتە بەشێک لە لەشکەری شەری نێوان دوو وڵات و کورد بکرێتە کۆچی قوربانی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە.
ـ راکێشانی بیرورای گشتی ئێران بۆ پشتگیری لەو شەڕە ماڵوێرانکارانەیە.
ـ دەست راگەیشتن بە سەرچاوە ئاوییەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەت بەنداوی دووکان، بۆ بەکار هێنانی لەشکەری و لە کاتی پێویست دا تەقاندنەوەی ئەو بەنداوانە بە مەبەستی لەشکەری و سەربازیەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بەو شێوەیە، بە ئاگاداری لە هەگەری بەرزی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن سەدام حوسێنەوە، شاری هەڵەبجەی بەکار هێناو و کردیە کەرەسەی دەستی خۆی بۆ پرۆپاگەندە شەڕەنگێزەکانی.

ئەمرۆ بیست وپێنج ساڵ دوای ئەو رووداوە تاڵە، جێی خۆیەتی، لەسەر رۆلێ ئێران لە کیمیاباران و قەڵاچۆی خەڵکی کورد لە کوردستان بخرێتە بەر تیشكی لێکۆڵینەوە.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە