کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمڕۆ لە بۆکان خۆپیشاندان بەڕێوە دەچێت/ شار ئەمنیەتی کراوە

17:48 - 6 بانەمەڕ 2712


کوردستان میدیا: دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە خەڵکی شاری بۆکان درێژە بە ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر رفاندنی منداڵانی ئەو شارە دەدەن.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکەوتی ٦ی بانەمەڕ ١٣٩١ی هەتاوی، هێزە ئیتیلاعاتییەکانی ئەماکین، هێزی ئینتیزامی، سپای پاسداران لە شاری بۆکان بە تەواوی لە ئامادەباشی دان، هەتا پێش بە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی خەلکی بۆکان بگرن.
بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە خەڵکی شاری بۆکان خۆپیشاندانێک لەهەمبەر پەرەگرتنی دیارده‌ی رفاندن و خنکاندنی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو شارە بەڕێوە ببه‌ن و هەر بۆیەش لە کاتژمێر ٩ی بەیانییەوە فەلەکەی فرمانداری هەتا فەلەکەی ئەسکەندەری، کۆڵانەکانی دەوروبەری فرمانداری و دەوروبەری زیندان و دادگوستەریی ئەو شارە لەلایەن هێزە ئینتیزامیی و لیباس شەخسییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تەنراوە.
پێشتریش لە رێکەوتی ١ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی مانگرتن و خۆپیشاندان لەدژی رفاندن و کوشتنی مندالانی بۆکان، زیاتر لە ٣ هەزار کەس لە خەڵکی شاری بۆکان لە پارکی ساحلییەوە بەرەو فەلەکەی فرمانداری خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
ژنانی شاری بۆکان لە ریزی پێشەوەی ئەو خۆپیشانەدا بوون و دروشمی دژە رێژیم و دژی دیاردەی دزێوی کوشتن و رفاندنی منداڵان و مێرمنداڵانیان بەرز کردەوە.
لەو خۆپیشاندانەدا کەلە رێکەوتی ١ی بانەمەڕ بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنیەتی و ئینتیزامییەکانی رێژیم نەیاندەوێرا لە خەڵکی نزیک ببنەوە و چەندین جار لەلایەن خەڵکی خۆپیشاندەرەوە راو نران.
ئێستاش بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، چوارشەممە، خەڵکی ناڕازیی شاری بۆکان ناڕەزایەتیی خۆیان له دژی پەرەسەندنی دیاردەی رفاندن و کوشتنی منداڵان بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان دەرببڕن.