کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢٥ ساڵەی کارەساتی هەڵەبجە لە وڵاتی ئوتریش بەرز راگیرا

13:42 - 28 رەشەمه 2712

کوردستان میدیا: بە بۆنەی یادی ٢٥ ساڵەی کارەساتی دڵتەزینی شاری هەڵەبجە و بوردمانی شیمیایی ئەو شارە، رێوڕەسمێک لەلایەن حیزبە سیاسی و رێکخراوە مەدەنییەکانی کورد لە وڵاتی ئوتریش بەڕێوەچوو.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ــ ئوتریش، بە سەرپەرستی دوکتور جەزا ساڵحی بەرپرسی کۆمیتە لەو رێوڕەسمەدا بەشداریی کرد.
پەیامی هاوبەشی رێکخراوە کوردییەکان بە دوو زمانی کوردی و عەرەبی پێشکەش کرا و تێیدا پاش وەبیرهێنانەوەی کارەساتی لە بیرنەکراوی هەڵەبجە و ئاسەوارەکانی ئەم کردەوە دڕندانە ودژە مرۆڤانەیە، مێژووییەکی کورتی خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و تاوانە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدارانی زاڵ بەسەر کوردستان لەو بەشانەی کوردستاندا بۆ بەشداران خرایە روو.
پاشان برووسکەیەک بە زمانی کوردی کە لەلایەن باڵوێزی عێراق لە وڵاتی ئوتریش لە پێوەندی لەگەڵ کارەساتی هەڵەبجە بو رێوڕەسمەکە ناردرابوو، خۆیندرایەوە.
لەبەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر بوردمانی شیمیایی شاری هەڵەبجە پیشان درا.