کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی حدک ئێران، لە یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ــ لقی سلێمانی

18:54 - 6 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حدک ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری، سەردانی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستانیان لە سلێمانی کرد.


بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، سەردانی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ــ لقی سلێمانییان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ئەو یەکیەتییە بە سەرپرستیی بەڕێز مامۆستا نەجمەدین قادر بەرپرسی لقی سلێمانی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.
لەم سەردانەدا مامۆستا نەجمەدین قادر، خۆشحاڵیی‌ خۆیان و ئەندامانی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەم سەردانەی بەڕێز کاک مستەفا هیجری دەربڕی و لە درێژەدا ئاماژەی بە خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێمۆکرات و رێزگرتنی رێبەرانی حیزب، لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کوردستان بەرز نرخاند و هەروەها باسی هەڵوێستی بەرز و پیرۆزی رێبەرانی ئایینیی لە جووڵانەوە نەتەوەیی کوردستان کرد.
دواتر بەڕێز مستەفا هیجری سپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی یەکیەتیی زانایانی ئایینیی هەرێمی کوردستان ــ لقی سلێمانیی کرد و باسێکی لەسەر رۆلی‌ مامۆستایانی خەباتگێڕی کوردستانی کرد و لەباسەکەیدا وتی: رۆڵی‌ مامۆستایانی ئایینیی کورد لە خزمه‌ت بە ئامانجە نەتەوایەتییه‌کانی کورد لە کەس شاراوە نییە و ماموستایانی نیشتمانپەروەری کوردستان لە تەواوی رووداوە مێژووییەکانی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان، بانگەشەی ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستانیان کردووە و دژی توندوتیژی راوەستاون.
بەرێز هیجری، لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەیان بە جەنایەتەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەستە و تاقمە تیرۆریستییەکانی ئەو رێژیمە کرد کە بەناوی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە بێ‌بەزەییانە خەڵکی مەدەنی و بێ‌تاوان و مافخوازی ئێران و کوردستان شەهید دەکەن و لەو بارەوە هەڵوێستی نەتەویی و مرۆڤدۆستانەی ماموستایانی ئایینیی کوردستانی ئێرانی بە لەقاو دانی سیاسەتە دژەمرۆییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی کرد و وتی: زۆر لە کەسایەتییە ئایینییەکانی کورد، ئێستا لەژێر بێ‌بەزەییانەترین ئازار و ئەشکەنجەی ئەم رێژیمە کۆنەپەره‌ستە دان.