کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی هەیئەتێکی حدک ئێران لە پارتی دێمۆکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریە

21:06 - 6 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حدک ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری، سەردانی پارتی دێمۆکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریەیان لە سلێمانی کرد.
بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌‌شەممە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، هەیئەتێکی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی بەڕێز مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان، سەردانی بەڕێز حەمید دەروێش سکرتێری گشتیی پارتی دێمۆکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریە لە بنکەی نوێنەرایەتییان لە شاری سلێمانی کرد و لەلایەن تێکۆشەری دێرینی کورد بەڕێز حەمید دەروێش و ئەندامانی بنکەی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لە بەڕێز سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکرات و هەیئەتی هاوڕێی کرد.
لەم سەردانە لەسەر رەوشی سیاسیی ناوچە و کورد بەگشتی و رەوتی رووداوەکانی سووریە و روانین و هەلوێستی لایەنەکانی عەرەب، لەهەمبەر پرسی کورد لەم وڵاتەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا و هەروەها سەبارەت بە هەلوێستی دژە کوردی هێندێک لایەنی پێوەندیدار بە پرسی سووریەوە خرایە بەرباس و بۆ بەرپەرچ دانەویان و ئەو هەوڵە دژه مرۆییانەی نەیارانی کورد لەسەر یەکیەتی و یەکڕێزیی هێزە سیاسییەکانی کورد جەخت کرایەوە.
لەم دانیشتنەدا هەیئەتێکی پارتی سوسیالیستی کوردستانی باکوور بە سەرپەرستی بەڕێز مسعوود تەک بەشدار بوو، کە را و بۆچوونی پارتی سوسیالیستی باکووریان خستە بەر نەزەری هەیئەتی پارتی دێمۆکراتی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریە و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران لەسەر دۆستایەتی و هاوکاریی هەر سێ‌ لایەن لەم هەلومەرجە هەستیارەدا پێیان داگرتەوە.