کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نالەبار بوونی بارودۆخی سووریە و راپۆرتی نوێی کۆفی عەنان

23:06 - 6 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: پاش شکاندنی ئاگر بەست و نالەبارتر بوونی بارودۆخی سووریە، کۆفی عەنان راپۆرتی نوێی خۆی لەسەر ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە.


کۆفی عەنان نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریە، رێکەوتی ٦ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، بارودۆخی ئەو وڵاتەی بە مەترسیدار وەسف کرد و لەهەمان کاتیشدا داوای لە رێژیمی بەشار ئەسەد کرد کە لەهەمبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا پێبەندی بەڵێنییەکانی بێت.
کۆفی عەنان هەروەها داوای کردووە سووریە دەبێ بەڵێنییەکانی خۆی لەهەمبەر بەڕێوەبردنی ئاگربەست جێبەجێ بکات.
ناوبراو گوتوویەتی: پاش ٢ حەفتە لە راگەیاندنی ئاگربەست بارودۆخی سووریە بە پێچەوانەی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
لە راپۆرتی کۆفی عەناندا هاتووە، رێژیمی سووریە هەتا ئێستا ئاگربەستی رەچاو نەکردووە، بەڵام لەو کاتەوە کە چاودێرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو وڵاتەدا ئامادە بوون ئاستی توندوتیژییەکانی ئەو رێژیمە کەمتر بۆتەوە.
ناوبراو لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا پەڕژاوەتە سەر ئەوەش، لەمەڕ بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی ئاگربەست لە وڵاتی سووریە پێویستە چاودێری زیاتر بۆ ئەو وڵاتە بنێردرێ و ئەو ژمارەیە کە ئێستا لەو وڵاتە بوونیان هەیە توانایی چاودێریی قەیرانی تێکـڕای ناوچەکانی ئەو وڵاتەیان نییە.
نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی لەهەمبەر هێرشی بەردەوامی رێژیمی سووریە بۆسەر ناوچە قەرەباڵغەکانی ئەو وڵاتە و پێش‌گیری لە هاتوچۆی چاودێران بۆ ناوچە قەیراناوییەکان دەربڕیوە.
دوابەدوای ناڕەزایەتیی ئەمنیەتی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان و پێداگری لەسەر ناردنی چاودێر زیاتر، گرووپێکی دیکە لە چاودێرانی نێودەوڵەتی چوونە شاری دیمەشق پێتەختی سووریە.
رێژیمی سووریە بە رێگە نەدان بە لانی‌کەم یەکێک لە چاودێران، ناڕەزایەتیی خۆی لەمەڕ ناردنی ئەو چاودێرانەی کە خەڵکی وڵاتانی دۆستی سووریەن راگەیاندووە.
چواردە وڵاتی ناسراو بە دۆستانی سووریە پاش ١٣ مانگ توندوتیژی و سەرکوت لە سووریە، دەڵێن، بەشار ئەسەد رەوایی خۆی لەدەست داوە.
سووزان رایس، باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: ئەنجومەنی ئاسایش، بابەتی زیاتر کردنی ژمارەی چاودێرانی سووریەی تاوتوێ کردووە و لەمەڕ شکاندنی ئاگربەست لەلایەن رێژیمی سووریەوە، چەندین رێکاری دیکەمان لەبەر دەم کووفی عەنان داناوە.
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: رێژیمی سووریە لە بڵاو بوونەوەی چاودێرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەدا پێشگیری دەکات.
بەپێی راپۆرتەکان و فیلمە بڵاو کراوەکان لە ئینتێرنێت، سەرکوتی خەڵک لە شارەکانی حومس، حەما، دۆما درێژەی هەیە. چالاکانی سیاسیی دژبەری رێژیمی سووریە رۆژی دووشەممە ٧٠ کەسیان، راگەیاندووە و بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەره‌تای دەسپێکی ئاڵۆزییەکانەوە هەتا ئێستا ٩ هەزار کەس کوژراون.
لە هەمان کاتدا خەڵکی سووریە هانا دەبەنە وڵاتانی جیران و دەوڵەتی ئوردەن هەتا ئێستا نزیک بە ١٠٠ هەزار پەنابەری سووریی وەرگرتووە.
رێکخراوی جیهانیی خواردن، خواردنی بەسەر ١٠٠ هەزار هاووڵاتی لە سووریەدا بڵاو کردۆتەوە و گوتوویەتی: لە ئەگەری دەست پێڕاگەیشتنی ئەندامانی ئەو رێکخراوە بە ناوچە بێ‌بەشەکان، لە درێژەی چەند حەوتووی داهاتوودا ٥٠٠ هەزار کەس لە یارمەتییەکانی ئێمە بەشدار دەبن.