کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە وڵاتی فەرانسە سمینارێک لەبارەی پرسی کوردەوە بەڕێوە چوو

17:12 - 8 خاکەلێوه 2713

کوردستان میدیا: خوسرەو عەبدوڵڵاهی نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕانسە لە سمینارێکدا لەبارەی پرسی کرد بەشداریی کرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەری کوردستان میدیا، رێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩١ی هەتاوی، ئەو سمینارە لەلایەن ئەنستیتۆی توێژینەوە بۆ پرسەکانی ناوچەی مەدیتەرانە و رۆژهەڵاتی ناڤین، لە ناوەندی ئەو ئەنستیتۆیە بە سەرپەرستیی ژۆیس بلوو، مامۆستای زمان و وێژە و مێژووی کورد بەڕێوەچوو.
پاشان حەمید بوزئەرسەلان مامۆستای زانکۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی ناوچە و پرسی کورد لە تورکیەدا قسەی کرد و دوابەدوای ئەوەش خاتوو خەمان زەرزا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕانسە سەبارەت بە دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان و کەموکۆڕییەکان بۆ بەشداران دوا.
دواتر بەڕێز خوسرەو عەبدوڵڵاهی نوێنەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە فەڕانسە سەبارەت بە پرسی کورد بەگشتی قسەی کرد و پاشانیش سیوە ئیزوولی داواگری دادگوستەری سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای کوردستانی سووریە چەند بابەتێکی وروژاند.
وتەکانی نوێنەری حیزب ئەم خاڵەنەی لەخۆ گرتبووە:
ــ پێکهاتە و تێکەڵاویی حەشیمەتی ئێران و فرە نەتەوەیی ئەو وڵاتە وەکوو نەتەوەکانی فارس، ئازەری، کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکمەن
ــ هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی شۆڤینیست و ئوڵتراناسیۆنالیست لە سەردەمی رەزا شای پەهلەوییەوە بۆ دروست کردنی دەوڵەت نەتەوەیەکی یەکدەست لە رێگای داسەپاندنی زمان، فەرهەنگ و شوناسی یەک نەتەوەی وەکوو فارس
ــ خەباتی نەتەوەکانی ستەم لێ کراوی ئێران لەپێناو دامەزراندنی سیستمێکی دێمۆکراتیک و بە فەرمی ناسینی مافی نەتەوەیی‌یان
ــ کوردەکانی ئێران لە روانگەی هەرێمی، حەشیمەت، ئایین و ئایین‌زا، فەرهەنگ و زمان و ...
ــ رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کێشەی میللی و بەتایبەت پرسی نەتەوەی کورد لە ئێران
ــ داخوازیی بزاڤی نەتەوەی کورد لەسەر بنەمای دابین کردنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکراتیک و فیدراڵ.
لەم سمینارەدا زۆربەی بەشداران لە مامۆستایان، خوێندکاران و شارەزایان ناوچەی مەدیتەرانە و رۆژهەڵاتی ناڤین پێکهاتبوون.