کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پێویستە حکوومەت سكۆلار بێت؟ (برایم لاجانی)

22:11 - 14 خاکەلێوه 2713

برایم لاجانی
پەیدابوونی دین

 بە تەعبیرێک مێژوو بۆ دوا ناگەڕێتەوە. واتە رەوتی گەشەکردنی مرۆڤایەتی لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە. جەوهەری ئەو قسە بریتیە لەوە کە کۆماڵگای  ئینسانی تا دێ بەرەوئازادی زۆرتر دەچێ. ئەوەش لە بەرئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە تێدەکۆشێ ئەو کۆت و زەنجیرانە کە لە دەستوپێی ئاڵاون، بپسێنێ.

دەشزانین کە ئینسانەکان جۆراوجۆرن  و هەر کامیشیان هەوڵ دەدەن تا ئەوپەڕی ئازادی بۆ خۆیان وەدەست بخەن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئینسان بوونەورێکی کۆمەڵایەتیە و  ناتوانێ لە دەرەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا هەڵکا و سیستیەمی کۆمەڵایەتیش لە گەڵ ئازادی بێ سنووری تاکی ئینسانی نایەتەوە، ئینسان پێویستە هەندێک چوارچێوە و رێوشوێن قبووڵ بکا و بە گوێرەی ئەوان هەڵسوکەوت بکات.
وتمان مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیە و تەنیا لە کۆمەڵدا دەتوانێ بژی و وەک ئینسان گەشەبکا. لە ئاکامدا لەنێوان مەیلی ئینسان بۆ وەدەستهێنانی ئازادی زۆرتر لە لایەک و پێویستی ژیان لە چوارچێوەی سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا لە لایەکی دیکەوە ناتەبایی  درووست دەبێ.  بۆیە پێکهێنانی جۆرێک هاوسەنگی لە نێوان ئازادی تاک  و ڕاگرتنی چوارچێوەی رێژیمی کۆمەڵایەتی دا، هەمیشە مەسەلەی هەرە گرنگی کۆمەڵگای ئینسانی بووە و فەلسەفە و سیاسەت و زانستە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە هەرکامیان بەجۆرێک تێکۆشاون وەڵامی بۆ بدۆزنەوە.  بەڵام ڕەوتەکە بەجۆرێک بووە کە هەر لەبەرەبەیانی مێژوووە تا ئێستا ئەو هاوسەنگیە بەرەبەرە بە قازانجی ئازادی تاک چۆتە پێش.
لە قۆناخە سەرەتاییەکانی مێژوودا یاسا و قانوون و مافەکانی تاک لەگۆڕی دانەبوون. لەو قۆناخانەدا تەنیا دین و مەزهەب ڕۆڵی ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتیان دەگێڕا. دین کاری ئەوەبوو هاوسەنگی لە نێوان ئازادی تاک و سیستەمی کۆمەڵایەتیدا پێکبێنێت.

دینیش بۆخۆی بە قۆناخی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە. لە هەوەڵەوە دین و مەزهەب زۆر سادەو ساکاربوون. مرۆڤەکان هەندێک شتی سرووشتی وەک بەرد و ئاژەڵ یان دەپەرست. دواتر پێ بەپێی گەشەکردنی کومەڵ، دینیش پەرەی سەند. بەڵام لە هەموو قۆناخەکاندا دین تەنیا یەک وەزیفەی هەبووە. ئەویش ئەوەبووە کە خەڵک بە هێزێکی غەیبی  و لەسەرەوەتر بترسێنێ تا ناچاریان بکا پەیڕەوی لەو سیستەمە کۆمەڵایەتیە بکەن کە لە نێویدا دەژین. مەبەست لەو کارەش بریتی بووە لەوە کە لەوڕێگایەوە ئازادی ئەوان سنوورداربکرێت و نەتوانن بە کەیفی خۆیان ڕەفتار بکەن. ئەوە ئەرکی دین بووە و ئێستاش هەروایە.
 سەرهەڵدانی سکۆلاریزم

تا هاتووە بە گەلێک هۆ توانای دین بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵەی کە لەسەرەوە باسمان کرد، کەم و کەمتر بۆتەوە. واتە دین و ئەو هێزە غەیبیە کە دین بۆ ناچارکردنی خەڵک بە بەڕیوەبردنی ئەحکامەکانی پشتی پێ دەبەستێ، تا هاتوە کاریگەرییان کەمتر بۆتەوە. خەڵک بیروباوەڕی ئایینی خۆیانیان هێشتۆتەوە، بەڵام کەمتر بە پێی ئەوان ڕەفتاریان کردوە. ئەوەش گەلێک هۆی هەن.

گرنگترینی ئەو هۆیانە کە ئەو وەزعەیان پێکهێناوە بریتیە لەوە کە ئەحکامی مەزهەبی بە پێی ئەوە کە سەرچاوەی ئیلاهی یان هەیە، ناتوانن لەگەڵ زەمان و پێداویستیەکانی پەرەسەندنی کۆمەڵ بڕۆنەپێش.
هۆیەکی دیکەش ئەوەیە کە ئاخوند و قەشەو مەلا و پیاوەئاینیەکانی دیکە، بۆخۆیان هەمیشە ڕێوشوێنە ئایینی و مەزهەبیەکانیان خستوونەتە ژێر پێ یا بە کەیفی خۆیان تەفسیریان بۆ کردوون و لێکیان داونەوە.  هۆیەکی دیکەش ئەوە بوو کە بە درێژایی زەمان و لە پرۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵدا، گەلێک یاساو ڕێساو ڕێوشوێن هاتنە کایەوە کە خەڵک لە پەنای ئەحکامە مەزهەبیەکاندا بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی رۆژانەی خۆیان کەڵکیان لێوەردەگرتن. ئەو رێساویاسا و دابونەریتانە پێیان دەوترێ عورف.
 ئەو عورف و نەریت و عادەتانە لە ژیانی واقعی خەڵکەوە سەرچاوەیان دەگرت هەربۆیەش لە زۆر حاڵەتدا، تەنگیان بە ئەحکامە ئایینی و مەزهەبیەکان هەڵدەچنی. لە هەرکوێ حوکمە مەزهەبیەکان نا روون بوون، جێبەجێ کردنیان سەخت بوو، یا مەلاو ئاخوند و کەشیشەکان خۆیان رێزیان لێنەدەگرتن، یاساو رێسا عورفیەکان جێیان دەگرتنەوە.
بەوجۆرە بۆ خەڵک دەرکەوت کە حوکمە ئایینی و مەزهەبیەکان نەک هەر بۆ ئیدارەکردنی ژیانی رۆژانەی کۆمەڵ بەسنین و کەم دەهێنن، بەڵکوو لە لایەن خودی کەشیش و مەلاکانیشەوە بەرێوەنابردرێن.
کارگەیشتە جێگایەک کە هەندێک فەیلەسوف و زاناو عارف و عالمی کۆمەڵناس، بەو قەناعەتە گەیشتن و ئازایەتی ئەوەیان پەیداکرد کە بڵێن دین و مەزهەب نەخشێکی لە ئیدارەکردنی کۆمەڵدانیەو نابێت دەست لە کارووباری دونیایی وەردا. ئەوان لەو بڕوایەدان کە ڕۆڵی دین لە کارووباری کۆمەڵایەتیدا ئەوەیە ئەخلاقیات و ویژدانیات پەرەپێبدا و بایەخە ئەخلاقیەکان مەوعیزەبکا. واتە ئەوان دەڵێن یاسادان و قانوون دانان دەبێ لە واقعیەتی ژیان خەڵکەوە سەرچاوەبگرێ و بەتایبەتی ئەو خەڵکە کە قانوونەکانان بەرێوەدەبەن دەبێ خۆیان لە دانانی ئەو یاساو رێسایانەدا ڕۆڵیان هەبێت.
 بۆوەلانانی دین لە مەیدانی یاسادانان و قانوون گوزاریدا، پێویست بوو ئاڵووگۆڕی بنەڕەتی بەسەر ڕوانگەی مرۆڤ بۆسەر شوێن و  پێگەی دین و مەزهەب لە ژیانی خسوسی و کۆمەڵایەتی دا بێت.  واتە دەبوایە ڕوانگەی سوننەتی بۆ دین و مەزهەب بگوڕدرێ. ڕوانگەیەک کە دین و مەزهەب لە سەرووی هەموو شتێکەوە دەزانێ و لە لایەن قەشە و مەلا و ئاخوند و فەقێکانەوە دیفاعی لێدەکرێت.

لە هەموو دینەکاندا پلەبەندی مەزهەبی و ئاینی هەیە. هەردینەی بە شێوەی تایبەتی خۆی کەسانی تایبەت بە خۆی بۆ خزمەتی خۆی پەروەردەدەکات.

خەڵک بۆ تێگەیشتن لە پرنسیپەکانی دین و بەکارهێنانیان، پێویستیان بە مەلاو مورشید و کەشیش و فەقێ و ئیمام  هەیە. ئەوانن خەڵک رێنوێنی دەکەن و ئەگەر گیروگرفتیان بۆ هاتە پێش،  بۆیان چارەسەر دەکەن. بەرەبەرە ئەو رێنوێنی و ڕێگاچارانە شکڵی ئۆتۆریتە، دەستوور، دەستەڵات و تەنانەت زۆروێژی بە خۆوەدەگرن. بەو جۆرە خەڵک کوێر کوێرانە لەو کەسانە پەیڕەوی دەکەن. لە ئاکامدا ئەوانیش لەوە کەهەن گەورەتر و بەرزتر دێنە بەرچاوان. تەنانەت خۆیان بە مەرجەعی قانوون دەزانن و داوای دەستەڵاتی سیاسیش دەکەن.
ئەو ڕوانینە سونەتیە بۆ  دین، دەبێتە هۆی گەندەڵ بوونی کۆمەڵ و سیاسەت و دین و ئەخلاق.  مێژوو نیشانی داوە تا دین و مەزهەب پتر بەسەر کۆمەڵدا زاڵبن، گەندەڵی و بێ ڕەونەقی هەموو لایەنە، زیاتر باڵ بەسەر کۆمەڵدا دەکێشێ و چاکسازی سەختر دەبێ. ئەزموونی چەرخەکانی نێوەڕاستی ئورووپا و تاقی کردنەوەی دەستەڵاتی  کۆماری ئیسلامی باشترین نموونەی ئەو قسەیەی ئێمەن.
ئەو وەزعە بە در ێژایی چەرخەکانی نێوەڕاست لە ئوورووپادا  بەسەر کۆمەڵدا زاڵ بوو. بەڵام دواتر ئورووپا خۆی لە داوی دین و مەزهەب قوتارکرد و رێگای  ڕێفۆرم و چاکسازی ئایینی و مەزهەبی گرتەبەر. بەڵام تا ئێستا ئیمکانی پێکهێنانی ڕێفۆڕم و چاکسازی لە ئیسلامدا پێکنەهاتووە.
دیارە مەسیحیەت قەت خۆی بەدینی حکومەت نەزانیوە. ئەوەش پێکهێنانی ڕێفۆرم و چاکسازی لە ئایینی مەسیحیەتدا ئاسانتر کردوە.

بەوحاڵەش کاتێک چاکسازی لە دینی مەسیحی دا دەستی پێکرد، شەڕی نێوان کاتۆلیک و پرۆتستان سەری هەڵدا کە سەرەنجام کلیسا لەو شەڕەدا وەک دۆڕاوی ئەسڵی هاتەدەر. لەئاکامی ئەو شەڕوململانێ یەدا، حاکمیەتی کلیسا بەسەر  دونیای مەسیحیدا کۆتایی پێهات و بەوجۆرە پاپ و قەشەکان لە دەستەڵات  کێشرانە خوارەوە و حکومەتەکانی وڵاتانی ئورووپای ڕۆژئاوا دەستەڵاتیان بەسەر خاكی وڵاتەکانیاندا پەیداکرد.

 لەو پرۆسەیەدا ئورووپای ڕۆژئاوا ئیمتیازێکی دیکەشیان لە چاو ئێمە خەڵکی ڕۆژهەڵات هەبوو.  ئەوان هەر لە سەردەمی چەرخەکانی نێوەڕاستەوە دەستیان وە قانوونەکانی سیستەمی قەزایی ڕۆم ڕادەگەیشت. ئەو یاسایەنە لە مافە سرووشتیەکانی مرۆڤەوە سەرچاوەیان دەگرت نەک لە ئەحکامی ئیلاهی و ئاسمانیەوە. ئەو قانوونانە و داب و عورف و نەریتەکان ببوونە سەرچاوەیەکی باش کە لە چارەسەرکردنی کارووباری ڕۆژانەی کۆمەڵدا کەڵکیان لێوەردەگیرا. ئەو قانوونانە  باشتر لە ئەحکامە مەزهەبیەکان پێوەندیی نێوان حکومەتەکان و خەڵکیان ڕێکدەخست.
 پەرەسەندنی سکۆلاریزم

بەڵێ سکۆلاریزم لەو دوو ئاڵوگۆڕەوە سەری هەڵدا.  یانی چاکسازی مەزهەبی  کە کۆتایی بە دەستەڵات و فەرمانڕەوایی کلێسا هێنا و هەروەها غەیرە مەزهەبی کردنی سەرچاوەکانی قانوون گوزاری و یاسادانان.

ئەو ڕەوتە لە قەڕنی شازدەهەم لە ئوورووپا دەستی پێکرد و لە کۆتاییەکانی چەرخی نۆزدەهەمدا گەیشتە وڵاتە موسوڵمانەکان.

بزووتنەوە ئازادیخوازیەکان، بزووتنەوە میللی و دێموکڕاتیەکان، بزووتنەوە دژی ئیستعماریەکان،  بزووتنەوەی گەلانی ئازادیخوازی ناوچە و یەک لەوان بزووتنەوەی کوردیش، لەودەمەوە  تا ئێستا هەمیشە سکۆلاربوون و هەن.

بۆ نموونە پێشەواقازی محەمەد، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، قانوونگوزاری و سیاسەتی تا ڕادەیەکی زۆر لە ژێر نفوزی دین دەهێناو سکۆلاریزەی کردن.

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی بەو پلەیە لە تێگەیشتنی سیاسی و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی گەیوون کە بزانن دین و مەزهەب هیچ ڕەبتێکیان بە حکومەتەوەنیە و ئەگەر بشیان هەوێت توانا و لێوەشاوەیی بەرێوەبردنی حکوومەتیان نیە.

هەندێک ئاخوند  دەڵێن ئیسلام دینی حکومەتە. بەڵام لە سەرتاسەری قورئاندا جگە لە چەند ئایەت، هیچ شتێکی دیکە کە پێوەندی بە حکومەتداریەوە بێت بەرچاو ناکەوێت. ئەو ئاخوندانە  ئەو چەند ئایەتە دە کەنە بناخەی  پاساوەکانیان.  باقیەکەشی لە تەفسیرکردنی ئەو ئایەتانەو  سوننەتەکانی پێغەمبەر و ئیمامەکان و لە رێگای تەئویل و تەعبیرەوە  تەواو دەکەن. بەڵام ئەگەر قەرارە لە تەعبیر کەڵک وەرگرین بۆ لە ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتوەکانی دونیا کەڵکوەرنەگرین کە لە مەیدانی قانووندانان و ئیدارەکردنی کۆمەڵ و حکومەتداریدا سەرکەوتوو هاتوونەدەر. باشە بۆ خەڵک بۆ خۆیان لە ئیدارەکردن و قانوونگوزاری وڵاتەکەی خۆیاندا نەخشی ئەسڵی نە گێڕن؟

بۆ باشترە حکومەت و قانوون سکۆلاریزە بکرێن؟

سکۆلاریزم دەستی دین و مەزهەب لە سەر سیاسەت و دەستی سیاسەت لە سەر دین و مەزهەب کورت دەکاتەوە و هەریەکەیان لە خانەو شوێنی شایستەی خۆیان دادەنێ. دین و مەزهەب کارێکی فەردی و ویژدانیە.  خەڵک مافی ئەوەیان هەیە هەر دین و مەزهەبێک کە خۆیان بیان هەوێ هەڵبژێرن یا بیگۆڕن. حکومەت نابێ  دەست لە کاری ویژدانیا ت و عەقایدی مەزهەبی و ئایینی خەڵکدا وەربدا. ئیدارەکردنی کوردستان و قانوونگوزاری و بڕیاردان سەبارەت بە چارەنووسی میللەت و ئیدارەکردنی کۆمەڵ کارێکی گشتی یەو خەڵک خۆیان دەبێ بە شێوەیەکی بەرین بەشداری تێدابکەن. خوای گەورە نەک هەر لە قورئاندا، بەڵکو لە هیچ لە کتێبە ئاسمانیەکاندا، رێگا چارەی مەسەلە وگیروگرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی رۆژانەی خەڵکی نیشان نەداوە.

لە قورئاندا چەند دەستووری حکوومەتی، ئەویش سەبارەت بە میرات و زەواج و چۆنیەتی تەقسیم کردنی غەنائیمی غەزووەکان هەن. لەوە زیاتر وڵاتە ئیسلامیەکان لەو عورف و عادەت و داب و نەریتانە بۆ ئیدارەکردنی کۆمەڵ کەڵک وەردەگرن کە لە سەردەمی پێش ئیسلامدا لە بادیەی عەرەب دا باوبوون و وەک سەرچاوەی قانوون و شەریعەت کەڵکیان لێوەردەگرن.

لەوەش زیاتر کەس مافی ئەوەی نیە بە ناوی خوای گەورە قسەبکا و نەزەربدا. مەگەر ئەوە کە خوای مەزن بۆ خۆی ئەوی وەک وتەبێژ و نوێنەری خۆی دەستنیشان کردبیت. لە حاڵەتیكی ئاواشا ئیتر خوا تا ئاستی  یەک ئینسان دادەبەزێ و ئیتر وەک خوا نامێنێ و خودا نیە.

لە کوردستانی سکۆلاریزەدا، ڕێز و ئیحتڕامی دین و مەزهەب و مامۆستایانی ئاینی و کلیسا و قەشەو مزگەوت و مەلا و مینبەڕ و قورئان و تەورات و زەبوور بە باشترین شێوە دەپارێزرێ. چونکە ئەگەر حکومەت و کاربەدەستانی حکومەت غەدریان کرد، ناعەداڵەتیان کرد، گەندەڵیان کرد، شکەنجەیان کرد، پیاویان کوشت، بودجەیان بە تاڵانبرد، بە ناوی دین و مەزهەب تەواونابێت.

جەوهەری سکۆلاریزم بریتیە لە ئازادیی مەزهەبی، یانی ئازادی دین و مەزهەب. بەڵام لایەنێکی دیەکی سکۆلاریزم بریتیە لەوە کە بە قانوون رێگا لەوە بگری کە مەزهەب و دین دەست لەکاروباری حکومەت وەرنەدەن  و رێگانەدرێ  کەڵکی سیاسی لە دین و مەزهەب وەرگیرێت.

مەسەلە هەر ئەوەنیە کە دین دەبێ لە حکومەت جیابێت. دین دەبێ لە سیاسەتیش جیابێت. چونکە سیاسەت و دەستەڵات دووڕووی یەک سککەن و لێک جیاناکرێنەوە. ئامانجی کاری سیاسی وەدەستهێنانی قودرەتی  حکومەتیە.  بۆیە مەترسی ئەوەیە کە ئەگەر حیزبێکی ساسی بە کەڵک وەرگرتن لە دین و مەزهەب و قورئان توانی دەنگی خەڵک وەدەستبێنێ، دوایە قانوون و یاسای دژی ئازادی و دژی دێموکڕاتیک لە پاڕلەماندا پەسندبکا. بۆیە باشتر وایە هەر لەسەرەتاوە لە بەرانبەر کەڵکی خەراپ وەرگرتنی سیاسەت لە دین ڕابوەستین.

ئیسلام نیشانی داوە کە ناتوانێ لە گەڵ دێموکڕاسی سازگاربێت چونکە توانای تەحەموولی  دێموکراسی نیە و تا ئێستا نەشی توانیوە خۆی لە گەڵ پێداویستیەکانی کۆمەڵگای  هاوچەرخ سازگار بکات.

بەڵام دێموکڕاسی توانای تەحەموولی  ئیسلام و هەموو ئاینەکانی دیکەی بەسەریەکەوە و لە پەنای یەکەوە هەیە. لە دێموکراسیدا، خەڵک ئازادن موسوڵمان، مەسیحی، سوننە، شیعە، کاتۆلیک،بەهائی و...بن و ڕێوشوێنە مەزهەبیەکانی خۆیان ئازادانە بەڕێوەبەرن. بەڵام سیاسەت و حکومەت و ئیدارەی کۆمەڵ دەبێت لە شەریعەت و مزگەوت و کلیسا جیابن.
ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە