کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی وەرزی كەرگەدەن خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیای بەدەستهێنا

17:50 - 18 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی، سێ خەڵاتی سەرەكیی حەوتەمین خولی خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیای لە هۆنگ كۆنگ بەدەستهێنا.
لە رێورەسمی كۆتایی حەوتەمین خولی خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ، فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بۆ وێنەگری لاوی كورد توورەج ئەسڵانی، خەڵاتی باشترین دیزاینی بەرهەمی هونەری بە شێوەی هاوبەش بۆ بەهمەن قوبادی و داریووش پەیرەو و هەروەها خەڵاتی دیمەنە دەستكردەكان بۆ فەرید خۆش تینەت بەدەستبێنێت.

ئەو فیلمە دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی بەشی سەرەكیی شەستەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سان سێباستییانی ئیسپانیا، خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی شەشەمین خولی رێوڕەسمی خەڵاتی ئیسكرین ئاسیا پەسیفیك (APSA) ناسراو بە ئوسكاری ئاسیایی لە وڵاتی ئوسترالیا، هەروەها خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی ٢٠ـەمین خولی فێستیڤاڵی پسپۆڕانەی وێنەگرانی سینەما بە ناونیشانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی پلووس كامێرائیمەیج، بە نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەشی روانینی جیهانی لە میانەی ٣٧مین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی هۆنگ كۆنگ نمایشكرا و توانی سێ خەڵاتی سەرەكیی حەوتەمین خولی خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا بەدەستبێنێت.


ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، ٢٣ـەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی هۆنگ كۆنگ بە نمایشی كۆمەڵێك فیلم لە سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری كیشوەری ئاسیا لە وڵاتی هۆنگ كۆنگ بەڕێوەچوو و فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی هۆنگ كۆنگ یەكێك لە گرینگترین رووداوەكانی سینەمایی ئاسیا دێتەئەژمار و سەركەوتووانی حەوتەمین خولی خەڵاتەكانی ساڵانەی سینەمای ئاسیا ئەمساڵ لە ١٤لقدا لە تەنیشت ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشانكران.