کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆلی ورمێ بەڕێوە دەچێت

17:02 - 9 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ گۆلی ورمێ لەژێر ناوی کەند و کۆسپ، قەیران و رێکار، هاوینی ئەمساڵ لە شاری ورمێ بەڕێوە دەچێت.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی پەیامنێر، ئەو کۆنفرانسە بە بەشداریی پسپۆڕ و زانایانی سەرانسەرى جیهان لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵ لە زانینگەی ورمێ بەڕێوە دەچێت.
ئەم کۆنفرانسە بە مەبەستی بردنە سەری ئاستی زانستی گشتی و تەکنیکی و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونە نەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان و ناسینی کەند وکۆسپەکان و هەروەها ئاراستە کردنی رێکار و رێگەچارە باشەکان، بۆ باشتر کردنی بارودۆخی گۆلی ورمێ بەڕێوە دەچێت.
بەگوێرەی بانگەوازی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی گۆلی ورمێ کەند و کۆسپ و ئاستەنگ و رێکارەکان لە ٢٢ تەوەری زانستییانە لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئەو کۆنفرانسەوە دیاری کراوە کە توێژەران و شارەزایانی بواری سەرچاوە سروشتییەکان و ئێکۆسیستم (ئێکۆسیستم: گشت زیندەوەرانی ناوچەیەک و پێوەندیی نێوانیان) لە سەرانسەری جیهان، دەتوانن بەرهەم و لێکۆڵینەوەکانیان، بۆ زانینگەی ورمێ بنێرن.
گۆلی ورمێ بە درێژایی ١٤٠ کیلۆمیتر و پانایی ١٦ هەتا ٦٣ کیلۆمیتر، وەکوو گەورەترین گۆلی ئێران دێتە ئەژمار. رووبەری گۆلی ورمێ لە ساڵی ١٩٩٠ زایینی، ٥ هەزار و ٢٦٣ کیلۆمیتری چوار گۆشە مەزندە کراوە.
رێژەی مامناوەندیی قووڵایی گۆلی ورمێ ٤.٥ میتر بەراورد کراوە و ئەو قووڵاییە لە ناوچەی باکوورییەوە دەگاتە ١٣ میتر.
گۆلی ورمێ بە هۆی وشکەساڵی و کەم بارین و بەتایبەت خەمساردیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەرەو وشک بوون دەچێت و بەپێی وتەکانی نوێنەری ورمێ لە مەجلیس، تەنیا لەسەدا ٣٠ی ئاوی گۆلی ورمێ ماوە.
هەر لەم پێوەندییەدا هاووڵاتییانی شارەکانی ورمێ و تەورێز، ساڵی رابردوو چەندین خۆپیشاندانیان بە ئامانجی چارەسەر کردنی قەیرانی گۆلی ورمێ، بەڕێوە برد و رێژیمی ئێرانیش وەکوو هەمیشە بە قەرارە درۆیینەکانی خەڵکى بێ‌دەنگ کرد و هه‌تا ئێستا هیچ هه‌وڵێكى جيدی بۆ چاره‌سه‌ریی وشکبوونی گۆلی ورمێی نداوه.