کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی حیزبی دێمۆكرات و پارتی سوسیالیست لەپرسەی كەسایەتێكی ناسراوی حیزبی شیوعی كوردستان بەشدارییان كرد

15:47 - 21 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكرات و پارتی سوسیالیستی باكوور بە سەرپەرستی بەڕێزان محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكرات و مەسعوود تەك سكرتێری پارتی سوسیالیست لە پرسەی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی بەشدارییان كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٠ی خاكەلێوە دوو شاندەکە لەشاری هەولێر پرسە و پەیامی هاودەردیی خۆیان بە بۆنەی كۆچی دوایی تێكۆشەری دێرینی كورد مامۆستا مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی ناسراو بە ئەبووسەرباز پێشكەش بە هەڤاڵانی حیزبی شیوعی كوردستان ‌و بنەماڵەی ئەو تێكۆشەرە دێرینەی گەلەكەمان كە بە درێژایی تەمەنی لە خزمەت ئامانجە پیرۆزەكاندا بووە، كرد.
مامۆستا بانیخێڵانی سیاسەتمەداری ناسراوی گەلەكەمان یەكێك لە كەسایەتییە بە هەڵویستەكانی حیزبی شیوعی بوو كە لە رێكخستنی پێوەندی دۆستانە ‌و هاوكاری سیاسی لەگەڵ حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران ‌و رێبەری مەزن د . عەبدولڕحمان قاسملوو رۆلێكی شیاوی هەبوو.

كۆچی دوایی ئەو خەباتگێڕە هەڵكەوتووەی گەلەكەمان بۆ حیزبی شیوعی كوردستان ‌و بنەماڵەی سەربەرزیان‌و جووڵانەوەی رزگاریخوازی كورد خەسارێكی گەورە بوو.