کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەئاڵمان ئیعترازی بە بەشداریی رێژیمی ئێران لە كۆنفرانسێك، لەو وڵاتەدا كرد

15:35 - 22 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: هیوا بەهرامی نامەیەكی ئیعترازی لەمەڕ بەشداریی كردنی نوێنەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە كۆنفڕانسێكی ئاكادیمیای لۆكووم لە وڵاتی ئاڵمان پێشكەش بە بەڕێوەبەرانی كۆنفرانسەكە كرد.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئاكادیمیای ئاڵمانی لۆكووم كە ئاكادیمیاییەكی لێكۆڵینەوەی مەسیحیە، لە رۆژانی ٢٨ هەتا ٣٠مانگی خاكەلێوە كۆنفرانسێك لەژێر ناوی چۆن دەكرێت كۆمەڵگای مەدەنی ئێران بەهێز بكرێت پێك دەهێنێت و دەبوایە وتاربێژان و بەشدارانی سەرەكیی كۆنفرانسەكە چالاكانی مەدەنی ئێران و نوێنەرانی پارتەكانی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵكانی شارەزای سیاسیەتەكانی ئێران بان.

بەڵام وتاربێژانی سەرەكی ئەو كۆنفرانسە عەلیڕەزا شێخ عەتار، باڵوێزی رێژیمی ئێران لە ئاڵمان و كازم سەجادپوور یەكێك لە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانە.

لەو پیوەندیەدا هیوا بە‌هرامی نوێنەری حێزبی دێمۆكرات لە ئاڵمان نامەیەكی ناڕەزایەتی پێشكەش بە بەڕێوەبەرانی ئاكادیمیایەكە كردووە و لە نامەكەدا هاتووە، زۆر جێگای سەرسووڕمانە كە ئێوە دەتانهەوێ بە كەسانێك كۆمەڵگای مەدەنی ئێران بە هێز بكەن، كە بۆ خۆیان زیاترین دژایەتی كۆمەڵگای مەدەنی دەكەن و راستەوخۆ بەرپرسی گیران و كۆژرانی دەیان و سەدان چالاكی بواری مەدەنین.

لە درێژەی نامەكەدا نووسراوە، ئێوە دەتانتوانی لە جێگای بانگهێشت كردنی نوێنەرانی رێژیم كە راستەوخۆ دەستیان لەدەیان جێنایە‌تدا دژ بە خەڵكی ئێران هەبووە و لەژێر دەستی ئەواندا كۆمەڵگا‌ی مەدەنی لە خنكاندایە، چالاكانی مەدەنی و نوێنەرانی راستەقینەی خەڵكی ئێران و ئازادیخوازانتان وەك وتاربێژ بۆ ئەو كۆنفرانسە بانگهێشت كردبایە.
لە درێژەی نامەكەدا نووسراوە، رێژیمی ئێران بە گشتی و شەخسی شێخ عەتار بە تایبەتی لە جینایەت بەرانبەر بە گەلی كورد لەئێراندا هیچ درێغێكیان نەكردووە و شەهیدكرانی رێبەرانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٩٢ لەبێرلین بە دەستی تیرۆریستەكانی ئەو رێژیمە باشترین نموونەی ئەم جینایەتانەن. هەروەها دەیان بەڵگەنامە سەبارەت بە كاولكاری و كۆمەڵكۆژی كوردانی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتی شێخ عەتاردا كە لە ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٥ لە پارێزگاكانی کوردستان و ورمێدا پارێزگار بووە لە بەر دەستدایە.

لە كۆتایی نامەكەی نوێنەری حیزبی دێمۆكرات لەئاڵماندا نووسراوە، داواكارین بە زووترین كات بەم هەڵوێستەتانەدا بچنەوە و بانگهێشتی نوێنەرانی رێژیم بو ئەو كۆنفرانسە هەڵبوەشێننەوە!