کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێنەگرێكی كوردی كرماشانی مداڵی زێڕی فێستیڤاڵی جیهانی مسۆگەر كرد

17:37 - 22 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: وەحید بابایی وێنەگری كوردی كرماشانی توانی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی پۆڕترەی سێربستان بە وێنەی گریان مداڵی زێر بەدەست بێنێت.
فێستیڤاڵی جیهانی وێنەی پۆڕترەی سێربستان، هەموو ساڵێك لەژێر چاوەدێریی فێدراسیۆنی جیهانی وێنەگری و بە بەشداریی وێنەگرانی ناسراوی جیهان و ناوەندەكانی وێنەگری بەڕێوە دەچێت.
لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا ‌١١ هەزار و ٧٠٠ وێنە لە وڵاتانی ئاڵمان، ئیتالیا، ئۆكراین، رووسیە، ئەمریكا و تایوان بۆ ئەو فێستیڤاڵە نێردرابوون و لە كێبركێیەكاندا وێنەی گریان لە وێنەگری وەحید بابایی توانی خەڵاتی زێڕ وەربگرێت.
ئەنجومەنی وێنەگرانی كرماشان رایگەیاند، وەحید بابایی لە كێبركێیەكاندا بێجگە لە وێنەی هەڵبژیردراوی خەڵاتی زێرین، ١٢ وێنەی دیكەیشی لە بەشە جیاجیاكانی فێستیڤاڵ وەرگیرابوون.
وەحید بابایی تەمەنی ٣١ ساڵە و لە شاری كرماشان لەدایك بووە و هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئێران وەكوو: فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی خەیام، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی ئارژانتین و فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی وێنەی بوڵغارستان خەڵاتكراوە.