کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی مامۆستایەکی کورد پاش زیاتر لە ٢٠ رۆژ دەسبەسەر کردن

00:05 - 10 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: چارەنووسی مامۆستایەکی قوتابخانەکانی دەوروبەری شاری شنۆ کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ رۆژە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی رێژیمەوە گیراوە، ناڕوونە.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، عەبدولواحید مەعرووف‌زداە، تەمەن 27 ساڵ و کوڕی رەسووڵ و خەڵکی شاری شنۆ کەلە گوندەکانی شێخان و دێشەمس وانەی دەگوتەوە، رێکەوتی 17ی خاکەلێوە لە کاتی وانە وتنەوە لە قوتابخانەدا لەلایەن هێزە ئیتیلاعاتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، لە زاری شایەتحاڵ و کەس‌ و کاری ناوبراوەوە، پاش دەستبەسەر کرانی دەیبەنەوە ماڵی خۆیان و کەیسی کۆمپیۆتێر و کۆمەڵێکی بەرچاو لە پەرتووکەکانی زەوت دەکەن و دواتر بۆ ئیتلاعاتی شاری شنۆی دەگوازنەوە.
بە وتەی شایەتحاڵان، عەبدولواحید مەعرووف‌زداە، دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ‌راگوێزراوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا سەرەڕای سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی بە بنەماڵە و کەس و کاری نەدراوەتەوە.
ناوبراو جیا لەوەی کە مامۆستای وانەی بیرکاریی گوندەکانی دەوروبەری شاری شنۆ بوو، خوێندکاری زانستگای بەهەشتیی تارانیش بووە.
هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەسبەسەر کردن و چارەنووسی ئەو مامۆستا کوردە لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ئاماری تۆمار کراوی ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە کوردستانی ئێران 26 هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون.
تاوانی زۆرینەی ئەو هاووڵاتییە کوردانە چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی بووە.