کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌شداری کردنی كۆمیتەی حدك ئێران - ئامریكا لە سمیناری رێبەرانی BDP لە واشینگتۆن

14:33 - 10 بانەمەڕ 2712

كوردستان میدیا: كۆمیتەی حدك ئێران لە ئەمریكا بەشداریی لە سمیناری رێبەرانی BDP كرد و هاودیتنی لەگەڵ رێبەرانی ئەو حیزبە پێكهێنا.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به ماڵپه‌ڕ‌ی كوردستان میدیا سەرلە ئێوارەی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 5ی بانەمەڕی 1391ی هەتاوی، بە بەشداریی كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان ‌و ئامادە بوونی كۆمەڵێك رۆژنامەنووسی كورد و بیانی، كۆبوونەوەیەك بۆ هەیئەتی رێبەرانی پارتی ئاشتی ‌و دێمۆكراسیی توركیە لە واشینگتۆن پێكهات.

لەو كۆبوونەوەیەدا رێزدار ئەحمەد تورك لەبارەی سەفەرەكەیان بۆ ئەمریكا ئاخاوتنێكی‌ كرد و خۆشحاڵی خۆی لە پەرەسەندنی هەستی نەتەوایەتی لەنێو رۆڵەكانی كورددا دەربڕی ‌و هیوای خواست كە پێكهاتنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە داهاتودا لە یەكخستنی گوتاری هاوبەشی كورددا كاریگەر بێت.
شایانی باسە تیمێكی كۆمیتەی حدك ئێران – ئامریكا لە‌‌و سیمینارەدا بەشدار بوو ‌و وێڕای بەخێرهاتن كردنی وەڤدەی ناوبراو، لەسەر بارودۆخی كوردەكانی ئێران ‌و هەلومەرجی سیاسیی ناوچەكە ئاڵوگۆڕی بیروڕایان كرد.

هەیئەتی پارتی ئاشتی ‌و دێمۆكراسی پێكهاتوو لە‌ سەلاحددین دەمیرتاش، گوڵتەن كەشەناك، ئەحمەد تورك‌ و نازم گورپەك سوپاسی بەشداریی بەربڵاو و چالاكانەی ئەندامانی حیزبی دێمۆكراتیان لەو كۆبوونەوەیەدا كرد و هەروەها خەباتی حیزبی دێموكراتیان بۆ دەستەبەریی مافی كوردان بەرز نرخاند.