کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان گەورەیە( رەحیم رەشیدی)

18:47 - 25 خاکەلێوه 2713

رەحیم رەشیدی

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان گەورەیە، مەزنە، خاوەن رابردوویەکی پڕشنگدار و سەدان سەروەری مێژووییە، خەڵک خۆشی دەوێ، هیوا و ئۆمێدی بە میلیۆنان مرۆڤی هەژار و چەوساوەیە، خولیاو ئەوینی بە سەدان هەزار مرۆڤی سەوداسەری ئازادییە.
حیزبی دێمۆکرات هیچ کاتێک کار و خەباتی خۆی بە چاوی خەڵکی دیکەدا نەداوەتەوە. حیزبی دێمۆکرات زۆر کەسی فێری ژیانی شەرافەتمەندانەو راوەستان لە بەرانبەر دژوارییەکاندا کردووە. لەسەریەک زانستگایەکی بەرینە کە هەر کەس حەزی لێبێ دەتوانێ لێی فێر بێت.
حیزبی دێمۆکرات کاتی خۆی چاو ساخی هەموو حیزب و رێکخراوە کوردییەکان بوو بۆ ناسین و بەشداری کردن لە کۆڕ و کۆبوونەوەی ئینترناسیۆنالی سوسیالیست و زۆر ناوەندی دیکەی جیهانی دا. ماوەیەکی زۆر بوو کە حیزبی دێمۆکرات بە بەرنامە و بە گوێرەی سیاسەتێکی دیاری کراو زۆر گرینگی بە ئینترناسیۆناڵی سوسیالیست نەدەدا و لەو کارەش ئامانجی تایبەتی خۆی هەبوو. سیاسەتی حەکیمانەی بەڕێز هیجری و تیمەکەی لە رێبەرایەتیدا، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا وێڕای هیدایەت کردنی سەربەرزانەی حیزب بۆ پێشەوە، چەند دەسکەوتی گەورەی سیاسییان لەئاستی نێوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی دا دەستەبەر کردووە.
لە دواین کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوەدا لەشاری سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی کە سکرتێری حیزب کاک مستەفا هیجری ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەو حاڵەش لەسەر پێداگری و داوای ئینترناسیوناڵ سوسیالیست و پاش راوێژی لایەنەکان هەوڵی زۆر حیزب و لایەن بۆ پەڕاوێز خستنی دێمۆکرات، ئەو جار حیزبی دێمۆکرات ئامادە بوو کە پۆستی جێگری کۆمیتەی کوردان لەو رێکخراوەدا قبووڵ بکات. ئەمەش نیشانەی گەورەیی، رابردووی درەوشاوەو جێگەو پێگەی حیزبی دێمۆکرات لە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی دایە. هەر وەکوو حیزبی دێمۆکرات لە نێو دڵی بە میلیۆنان مرۆڤی کورد دایە!

پۆستێکی وەها، لەگەڵ ئەوەی بۆ حیزبی دێمۆکرات و لە چاو رابردوو، چالاکی و هەڵسوڕانی بەرینی ئەو حیزبە زۆر کەمە، بەڵام بۆ جارێکی دیکە ئەو راستییەی سەلماندەوە کە حیزبی دێمۆکرات هەر ناو نیەو نێوەرۆکیشە و مێژووی تەژی لە سەروەری ئەم حیزبە هیچ کەس و تاقمێک ناتوانێ بە ئاسانی پاوان و هەرزان فرۆشی بکات.
حیزبی دێمۆکراتە ئیدی، زەم کردن و هەوڵدان بۆ خەنجەر وەشاندن لە پەیکەری بە سام و هەیبەتی ئاکامەکی هەر بە پێچەوانەیە. حیزبی دێمۆکراتە و نەتەوەی کورد خۆشی دەوێ، دەیپارێزێ و بۆ ئازادی و پاراستی ئەو ئازادییە لە سبەیدا، پێویستیەتی.
ئێستاش بە هەموو پێوانەیەک، بە گوێرەی هەموو عەقڵ و لۆژیکێک، حیزبی دێمۆکرات مەزنترین و چالاکترین حیزبی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە. حیزبی دێمۆکرات هەتاوێکە و تیشک نەدانی لە پشت هەورەکانەوە کاتییە، با نەیارانی ئەو حیزبە کە هەر دەم هەوڵی ئەوە دەدەن پشتی لە عەرز بدەن، لەوە تێبگەن کە پشت لە عەرزدانی حیزبی دێمۆکرات ئیدی بۆتە نامومکین.
تکایە بە جێگای دژایەتی لەگەڵ حیزبی دێمۆکرات، ئەگەر دەتانهەوێت گەورە بنوێنن، لە تەنیشتی راوەستن بۆ ئەوەی دیار بن و ببیندرێن، ئاوا بەژن و باڵاشتان جوانترە...
ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە