بەشداریی نوێنەری کۆمیتەی حدك ئێران لە ئەمریکا لە كوبوونەووەی شاندی BDP و نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان
زایینی: ٢٩-٠٤-٢٠١٢ - هەتاوی: ١٣٩١/٠٢/١٠ - ١٢:٣٧ تاران
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ئێوارەی رۆژی دووشەممە رێكەوتی 4ی بانەمەڕی 1391ی هەتاوی، بەرپرسی كۆمیتەی حدك ئێران- ئەمریكا، بەڕێز جەمال عەبدوڵڵازادە لە كۆبوونەوەیەكدا كە بۆ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان لەلایەن نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا پێكهاتبوو، بەشداری كرد.
لەو كوبوونەوەیەدا هەریەك لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی، ئەحمەد تورك و سەلاحەدین دەمیرتاش وتەیان پێشكەش كرد و خۆشحاڵیی خۆیان لەم دیدارە دەربڕی. هەروەها لە وتەیەكی كورتدا بەرپرسی كۆمیتەی حدك ئێران خۆشحاڵیی خۆی لەم چاوپێكەوتنە دەربڕی و شاندی پارتی ئاشتی ودێمۆكراسی بەخێر هاتن كرد و سپاسی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستانی كرد كە ئەم كۆبوونەوەی پێكهێنابوو.