کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمی سینەماكارێكی كورد لەفێستیڤاڵێك لەوڵاتی ئیتالیا نمایش كرا

17:16 - 27 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: كورتە فیلمی ژن لە دەرهێنانی لوقمان خالیدی سینەماكاری كورد ، لە فێستیڤاڵی فیلمی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوڵاتی ئیتالیا نمایش كرا.
فیلمی ژن لەدەرهێنانی سینەماكاری كرماشانی لەگەڵ ١٠كورتە فیلم، فیلمی دیكۆمێنتاری و فیلمی بڵیندی سینەمایی لەئێرانەوە، لە ١٩ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتی ئیتالیا چووە سەر پەردەی سینەماكان.


ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە، فێستیڤاڵی فیلمی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تایبەتە بەو فیلمانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرهەم هاتوون.


لە خولی نۆزدەهەمی ئەم فێستیڤاڵەدا ٣٣فیلم لە وڵاتی ئیتالیا و ٤٤فیلم لە بەشی نێودەوڵەتیی لەسینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە: عێراق، ئێران، لوبنان، میسر، فەلەستین، سووریە، ئەفغانستان و ئوردون نمایش كران.

4428.jpg
لوقمان خالیدی

كورتە فیلمی ژن چیرۆكی كچێك بۆ بینەر دەگێڕێتەوە كە دەیەوێت ببێت بە ئەكتەر. ئەم كورتە فیلمە ساڵی پێشوو لە ١٩مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە دیكیۆمێنتارییەكانی هات داكس لە شاری تۆرێنتۆی وڵاتی كانادا نمایش كرا و توانی خەڵاتی تایبەت و تابلۆی فەخری ئەندامانی لێژنەی داوەرانی ئەو فێستیڤاڵە بەدەست بێنێت.