کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی ئیرشادی شاری ئیسلام ئاباد پێشی بە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی یاد كردنەوەی مامۆستا هێمن گرت

16:02 - 28 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: لێپرسراوانی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی رێژیمی ئێران لەشاری ئیسلام ئاباد ئیزنی بەبەڕێوە چوونی رێوڕەسمی یاد كردنەوەی مامۆستا هێمن شاعیری نەتەوەیی كورد نەدا.
رێوڕەسمی ٢٧مین ساڵیادی كۆچی دوایی مامۆستا هێمن بڕیار بوو رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٨ی خاكەلێوە لە شاری ئیسلام ئاباد لە پارێزگای كرماشان بەڕێوە بچێت.
هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاوی كردۆتەوە، كۆمەڵێك لەچالاكانی فەرهەنگی و ئەدەبی شاری ئیسلام ئاباد بڕیار بوو ئەو رێوڕەسمە بەڕێوە ببن.
لەو رێوڕەسمەدا ژمارەیەك كەسایەتیی فەرهەنگی و ئەدەبی و هونەریی لە پارێزگای كرماشان ئامادەیان بۆ بەشداریی لەو رێوڕەسمەدا دەربڕیبوو.
سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامیی ( مامۆستا هێمن) لە ئاواییەكی سەر بە شاری مەهاباد لەدایك بووە و ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی كۆچی دوایی كردووە.
تاریك ‌و روون، توحفه‌ی موزه‌فه‌رییه‌، شازاده‌و گه‌دا، قه‌ڵای دمدم، هه‌واری خاڵی، چه‌پكێ‌ گوڵ‌ و چه‌پكێ‌نێرگز، ئه‌فسانه‌كوردییه‌كان، ناڵه‌ی جودایی بەشێکن لە بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن.