کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگەیەندراوی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكرات بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پلینۆمی چوارەمی كۆمیتەی ناوەندی

17:48 - 30 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەبۆنەی كۆتایی هاتنی پلینۆمی چوارەمی كۆمیتەی ناوەندییەوە راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

بۆ ئاگاداری رادەگەیەنین كە كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی كۆنگرەی پازدەهەمی حیزب، چوارەمین پلینۆمی خۆی بە بەشداری ئەندامانی ئەسڵی ‌و جێگرانی كۆمیتەی ناوەندی پێك هێنا ‌و پاش چوار رۆژ كاری بەردەوام كۆتایی پێ هات.
پلینۆم كاتژمێر ٩ی بەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٦ی خاكەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٥ی ئاڤریلی ٢٠١٣ی زایینی بە راگرتنی خوڵەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد.

پاشان لە چوارچێوەی دەستووری كاری پلینۆمدا كە پێشتر بە ئاگاداری ئەندامانی بەڕێوەبەری حیزب گەیشتبوو، بەڕێز سكرتێری گشتی حیزب مستەفا هیجری راپۆرتێكی سیاسی كە زیاتر ئاڵوگۆڕەكانی ناوچە‌و هەڵومەرجی ئێران ‌و كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستانی لەخۆ گرتبوو پێشكەشی بەشدارانی پلینۆم كرد.

لەو راپۆرتەدا ئاماژە بە دۆخی سووریە ‌و درێژەی شەڕ ‌و كوشتار لەو وڵاتە كرابوو كە دەیان هەزار قوربانی ‌و وێرانێكی زۆری لێكەوتوەتەوە‌و بە میلیون كەس لە خەڵكی ئەو ولاتە ئاوارە ‌و پەڕیوەی هەندەران بوون. راپۆرت هۆی ئەم وەزعە ‌و درێژەكێشانەكەی گەڕاندبۆوە بۆ پشتیوانی ‌و یارمەتیدان هەمەلایەنەی رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران، روسیە ‌و چەند وڵات ‌و لایەنی دیكە لە رێژیمی بەشار ئەسەد‌و ئەوەش لە حاڵێك دایە كە پشتیوانی خەڵكی ناڕازی ‌و راپەڕیوی سوریە ‌و بەرهەڵستكارانی ئەو وڵاتە زیاتر لە یارمەتی مرۆڤیدا بەرتەسك بۆەتەوە ‌و بە هۆی دروست بوونی گومان لەلایەن رۆژئاواییەكانەوە سەبارەت بە بەرهەڵستكاران بە تایبەت بوونی گرووپی ئیسلامییە رادیكالەكان ئەو پشتیوانیە لە رادەی چاوەڕوانی ناڕەزاییانی ئەو وڵاتەدا نییە هەر بۆیە وێدەچی ئەم دۆخە لەم وڵاتە لەوەش زیاتر درێژە بكێشێ.

راپۆرتەكە وێڕای باس لە هەڵومەرجی سیاسی ئێران ‌و ئاڵوزییەكانی نێوان رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران ‌و كۆمەڵگای جیهانی لەدرێژەی دۆخی خەراپ ‌و شپرزەی ئابووری دوا بوو كە چوونەسەرێ‌رادەی ئاوسانی دراو هەتا 30 % و بیكاری زیاتر ‌و تێكچوونی ژیانی خەڵكی بەدواوە بووە ‌و بەلەبەرچاوگرتنی بێ‌ئاكام بوونی ئاخر دانیشتنی گرووپی 1+5 لە قەزاقستان ‌و هەڕەشەی گەمارۆی زیاتری رۆژئاواییەكان بە تایبەت ئەمریكا بۆ سەر رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران پێشبینی دەكرێ‌ئەو دۆخە لەوەش كە هەیە ناڵە بارتر دەبێ‌. لە وەها وەزعێكدایە كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی زیاتر لە پێشووش مافەكانی مرۆڤ لە ئێران پێشێل دەكا ‌و گوشارەكانی بۆ سەر خەڵكی وڵات زیاتر كردووە ‌و ئەمەش وێڕای لەبەرچاوگرتنی چوونەسەرێ‌رێژەی ئیعدامەكان لە راپۆرتی ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان سەبارەت بە ئێران كە رۆژی ١٠ی خاكەلێوە ئاماژەی پێدا بوون بە روونی دەردەكەوێ.

هەروەها راپۆرتی سكرتێری گشتی حیزب ئاماژەی بەوە كرد بوو كە بە نزیك بوونەوەی كاتی بە ناو هەڵبژاردەنەكانی سەرۆك كۆماری لە ئێران ‌و هەڵوێست ‌و بۆچوونی لایەنە جۆراوجۆرەكانی نێو دەسەڵاتدارانی رێژیم ‌و ئەگەری رێگرتن لە كاندیداتۆری هێندێك كەس ‌ولایەن یا لەحاڵەتی كاندیدا بوونیاندا رەدی سەلاحییەت كردنیان، بۆتە كێشەیەك لە نێو كەس و لایەنەكانی نێو دەسەڵاتدارانی رێژیم ‌و ئەوەش لە حاڵیكدایە كە بێ‌كەڵك ‌و بێ‌ئاكام بوونی هەر بە ناو هەڵبژاردنێك لە ئێراندا بۆ خەڵكی وڵاتەكەمان دەركەوتووە ‌و ئەو رێژیمە هەرگیز رێگای نەداوە كە هەڵبژاردنێكی ئازاد بەڕێوە بچێ‌‌و گرینگی بە ئیرادەی خەڵك بدرێ‌. بەو حاڵەش رێژیم هەوڵ دەدا بە پیلان ‌و زۆرەمڵی خەڵكێكی زیاتر بۆ سەر سندووقەكانی دەنگدان راكێش بكا‌و، وا بخاتە بەرچاوی بیرڕای گشتی دەرەوە كە سەرەڕای هەموو ئەو وەزعەش كە خەڵكی ئێران لێی بێزارن ‌و نەمانی بە ئاوات دەخوازن، پشتیوانی لەم دەسەڵاتە دەكەن ئەوەش پیلانێكە كە پێویستە خەڵكی ئێران بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵ بدەن ‌و نیشان بدەن كە رێژیم چۆن لە رادەی جیهانیدا تەریك كەوتوەتەوە و لە نیوخۆی ئێرانیشدا لەوە زیاتر تەریكە‌و خەڵك بە تەواوی لێی بێزارن ‌و هەموو لایەكیش لە شانۆسازییەكانی بە ناو هەڵبژاردن لە كۆماری ئیسلامیدا شارەزان.

راپۆرتەكە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە وردی ‌و بەتەسلی دووا بوو، لەو پێوەندییە ‌و لە ئاماژە بە وەزعی كورد لە سووریە تیشك خرابووە سەر هەڵوێستی كورد لەو وڵاتە كە ئێستا لە لایەن هێزە سەركووتكەرەكانی بەشار ئەسەدەوە كەوتوونەتە بەر هێرش ‌و لایەنی ئوپۆزیسیۆنیش یەكگرتوویی پێویستی لەگەڵ كورد لەم وڵاتە پێك نەهێناوە بۆ ئەوەی كورد لە سووریە ‌و لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا پتر شوێندانەر بێ‌‌و بە بەشێك لە مافە رەواكانی بگا پێویستە هێزە سیاسییەكان یەكگرتووتر بن ‌و بەرنامە ‌و داخوازی روون ‌و هاوبەشیان هەبێ‌كە هیوادارین ئەم رەوتە بپێوێ‌‌و سەرئەنجام لە سووریەی دوای بەشار ئەسەددا نەهامەتییەكانی لێ‌دوور كەوێتەوە.

راپۆرتەكە ئاوڕی لە دۆخی هەرێمی كوردستان ‌و پێوەندییەكان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراق، دابۆوە كە كۆمەڵێك گیر ‌و گرفت ئەو پێوەندییانەی بەرە‌و لاوازی بردووە ‌و لە لایەكی دیكەشەوە كێشەی رۆڵەكانی نەتەوەی عەرەب لەو وڵاتە بەدابەشبوون بە سەر شیعە ‌و سوونەدا زەقتر ‌و ‌و زۆربەش لەو بڕوایەدان كە حكوومەتی ناوەندی ئێستای عێراق هەوڵی تەكڕەوی ‌و پشتگوێخستنی یاسا ‌و رێككەوتنەكانی پێشوو دەدا كە ئەوەش ناتوانێ‌لە بەرژەوەندی عێراق بەگشتیدا بێ‌. پلینۆم هیوای خواست كە ئەم گیر وگرفتانە بە هەست كردن بە واقعییەتەكان لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە بە رێگای لۆژیك ‌و پابەندبوون بە یاسا چارەسەر بكرێن.

لە راپۆرتەكەدا دۆخی كورد لە كوردستانی ئێران ‌و درێژەی ئەو سەركووت ‌و ئیعدام ‌و زیندانی كردنانەی كە رێژیم دەرحەق بە رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە ئێران دەیكا، هەر وەها باری ناڵەباری ژیان ‌و گوزەرانی خەڵك ‌و بێكاری لە رادەبەدەر، لەوەش بەولاتر ئەمنییەتی كردنی زیاتری كۆمەڵگا ‌و پەرەپێدانی نەخۆشییە كۆمەڵایەتییەكان لە لایەن رێژیمەوە بە وردی ئاماژەی پێدرا بو‌و لە هەمانكاتدا خۆراگرێ‌خەڵك ‌و سووربوونی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران لەسەر مافە نەتەوایەتی ‌و دێموكراتیكەكانی بەچاوی رێزەوە سەیر كرد بوو.

راپۆرتەكە هەر لەو پێوەندی لەگەڵ كوردستانی ئێراندا سیاسەت ‌و هەڵویستەكان ‌و تێكۆشانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانی لە نێوان دوو پلینۆمدا خستبوووە بەرچاو ‌و ئاماژەی بە لایەنی جۆراوجۆری كردبوو ‌و پێوەندییەكانی حیزبی لەگەڵ هێز ‌و لایەنە سیاسییەكانی ئوپۆزیسیونی ئێرانی ‌و هێز ‌و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە كوردستانی ئێرانی بە باشی هەڵسەنگاند بوو كە بە خۆشییەوە رەوتی بەرەوپێشچوون دەپێوێ‌.

راپۆرتە سیاسەیەكە لە پێوەندی لەگەڵ توركیە ‌و كوردستانی توركیەدا وێڕای باس ‌و كۆمەڵێك بابەت بە گرینگییەوە سەیری رەوتی ئاشتی لەم وڵاتە ‌و وتووێژەكانی نێوان كاربەدەستانی حكوومەتی توركیە لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلانی كرد بوو. لەو پێوەندییەدا پلینۆم ئاڵوگۆڕەكانی ئەم دوایانەی لە توركیە ‌و كوردستانی توركیە بە وردی خستە بەرباس ‌و هاتنە ئارای رەوتی چارەسەری ئاشتیخوازانەی نێوان كاربەدەستانی حكوومەتی توركیە ‌و بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستانی بە هەنگاوێكی ئەرێنی هەڵسەنگاند. لە هەمان كاتدا لەبەر رووناكایی ئەم پەیامە ‌و لێدوانانەدا كە هەتا ئێستا لەلایەن كاربەدەستانی توركیە ‌و بەڕێز عەبدوڵڵا ئوجەلان بڵاو كراونەتەوە داوایەكی روون ‌و دیاریكراو لە پێوەندی لەگەڵ كورد ‌و مافە نەتەوایەتییەكانی لەو وڵاتەدا نەهاتۆتە ئارەاوە بۆیە بە نیگەرانییەوە چاوەڕوانی ئاكامی ئەم پرۆسەیە دەكرێ‌. بەو حاڵەش بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی دیاریكردنی چارەنووسی خوشك ‌و براكانمان لەو بەشە لەكوردستان پێوەندی بە خۆیانەوە هەیە‌و رێز بۆ ئیرادەی نەتەوەی كورد لەو بەشە لە كوردستاندا دادەنێن. لە هەمانكاتدا ئاوتەخوازین درێژەی ئەو رەوتە بەخێر ‌و خۆشی ‌و دابینبوونی هەرچی زیاتری مافە نەتەوایەتییەكانی كورد لە توركیە بە ئاكام بگا.

بەشدارانی پلینۆم چالاكانە لەسەر هەر كام لە باسەكانی راپۆرت را ‌و بۆچوونی خۆیان دەربڕی ‌و بەمجۆرە هەم راپۆرتكەیان پەسند ‌و هەم دەوڵەمەندتر كرد. پلینۆم لە بڕگەیەكی دیكەی كارەكانیدا ئایین نامەی چەند ئورگانی حیزبی تاوتوێ‌كرد ‌و پاش دەربڕینی تێبینییەكانیان پەسندی كردن.

بڕگەیەكی دیكەی كاری پلینۆم تەرخان كرا بووە بۆ باس لەسەر كار ‌و چالاكی ‌و بەرنامەی كاریی یەكیەتییەكانی لاوان، ژنان ‌و خوێندكارانی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران، پاش تاوتوێ كردن پلینۆم پشتیوانی خۆی بۆ ئەم رێكخراوانە دووپات كردەوە ‌و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری كردنی زیاتریان دەربڕیوە.

لەدوا بڕگەی كاری پلینۆمدا كۆمەڵێك باس ‌و بەرنامە بۆ داهاتووی حیزب خرا بەر دیدی بەشداران ‌و بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.

پلینۆم پاش چوار رۆژ كاری بەردەوام كاتژمێر ٧ی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٩ی خاكەلێوە كۆتایی بە كارەكانی هێنا.

حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٣٠ی خاكەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی
١٩ی ئاڤریلی ٢٠١٣ی زایینی