کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژکردەوەی ئێران لە هەمبەر دامەزراندنی شەڕکەری ئیف ــ ٢٢ لە ئیمارات

04:56 - 11 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: بڵاو بوونەوەی هەواڵی دامەزرانی ژمارەیەک شەڕکەری ئێف ــ ٢٢ی ئەمریکایی لە نزیک سنوورەکانی ئێران، لەگەڵ دژکردەوەی لێپرسراوانی ئەو رێژیمە بەرەوڕوو بووەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا و لە زاری کازم جەلالی، وتەبێژی کومیسیۆنی تەناهیی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی مەجلیس، گوتوویەتی: دامەزرانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ــ ٢٢ی ئەمریکا لە پێگە هەواییەکانی ئیمارات، هاتنی زلهێزەکان بۆ رۆژهەڵاتی نێوڕاست و زیاد بوونی چەکوچۆڵ، دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە.
راگەیەنەکانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، کە هێزی هەوایی ئەمریکا ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ــ٢٢ی، کەلە پێشکەوتووترین شەڕکەری جیهان دێنە ئەژمار لە پێگەیەک لە ٢٠٠ مایلیی سنووری ئێران دامەزراندووە.
هێزی هەوایی ئەمریکا سەبارەت بە ژمارە و شوێنی دامەزرانی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە، هیچ زانیارییەکیان نەدرکاندووە، بەڵام لێپرسراوانی ئەمریکا لە هەواڵدەریی فاکس نیووز بڵاویان کردۆتەوە کە ئەم فڕۆکە شەڕکەرانە لە پێگەی هەوایی ئەلزفرە لە ئیماراتی یەکگرتووەی عەرەبی دامەزراون.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ــ ٢٢ هەتا ئێستا لە هیچ شەڕێکدا کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە. ئەو فڕۆکانە بۆ شەڕی هەوایی دروست کراون و ئەگەر پێویستیش بێت لە شەڕی هەوا بە زەمین کەڵکیان لێ وەردەگرن.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێف ــ ٢٢ لە حاڵێکدا لە ئیمارات دامه‌زراون کە مشتومڕی رێژیمی ئێران و ئیمارات لەسەر سێ دوورگەی ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی چووکە، پاش سەردانی ئەحمەدی‌نژاد بۆ دوورگەی ئەبوومووسا و بانگهێشت کردنەوەی باڵوێزی ئیمارات لە تاران، رووی لە زێدە بوون کردووە.
پێوەندیی نێوان ئیماراتی یەکگرتووەی عەرەبی و رێژیمی ئێران لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر سێ دوورگەی کەنداوی فارس تووشی گرژی و ئاڵۆزی بووە.
لە هەمان کاتدا یەکیەتیی عەرەبی لە راگەیەندراوێکدا کەلە دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ئەو یەکیەتییە، بڵاو بووەوە، وێڕای مەحکووم کردنی سەردانی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد بۆ دوورگەی ئەبوومووسا، کردەوەی سەرکۆماری رێژیمی ئێرانی بە پێشێل کردنی سەروەریی ئیمارات لە قەڵەم دا.
هەروەها لەو راگەیەنراوەدا داوا لە سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی کراوە وێڕای بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە، هاوکاری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بکات.
سێ دوورگەی ئەبوومووسا، تونبی گەورە و تونبی چووکە هەتا ساڵی ١٩٧١ی زایینی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی بریتانیادا بوون. پاش پاشەکشەی هێزەکانی بریتانیا لە کەنداوی فارس، ئەو سێ دوورگەیە کەتنە ژیر کونترۆڵی هێزەکانی ئێران.
ئێران دەڵێت کە ئەو سێ دوورگەیە لە باری مێژووییەوە سەربە ئێرانن و لەهەمبەریشدا ئیمارات ئیدیعای خاوەداریەتیی ئەو سێ دوورگەیە دەکات.