کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێژیمی ئێران لە عێراق ٣٠٠٠ قوتابخانە دروست دەکات

14:40 - 11 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی ئێران، لە خوێندن و قوتابخانە بێ‌بەشن، رێژیمی ئێران ٢٠٠ خانوو و ٣٠٠٠ قوتابخانە لە عێراق دروست دەکات.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی پەیکی ئێران، محەممەد رەزا رەحیمی جێگری یەکەمی سەرکۆماری رێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە پارێزگای خووزستان وێرای ئاماژە بەوە کە ئێران و عێراق سێوێک بوون کە لەلایەن دوژمنانەوە جیا کراونەتەوە و پاش ماوەیەکی زۆر بە موعجیزەیەک بە یەک گەیشتوون، گوتی: من بۆ هاوکاریی عێراق دەسەڵاتی تەواوم هەیە بەم زووانەش لە عێراق ٢٠٠ خانوو و ٣٠٠٠ قوتابخانە لەو وڵاتەدا دروست دەکرێن.
پاش ئەوەی کە نووری مالیکی سەردانی ئێرانی کرد، لەلایەن دەسەڵاتدارانی رێژیمی ئێرانەوە بەڵێنیی پێ درا کە ٢٠٠ خانوو و ٣٠٠٠ قوتابخانە لە عێراقدا لەلایەن ئێرانەوە دروست بکرێن.
ئەمە لە حاڵێک دایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی ناوچە غەیرە فارس‌نشینەکان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی ئێران لە خوێندن و قوتابخانە بێ‌بەش کراون، بەجۆرێک کە پرۆسەی خوێندن بۆیان دژوار و ئەستەمە.
رێژیمی ئێران بێجگە لە دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی، ناردنی چەکوچۆڵ و پەروەردە کردنی گرووپە تیرۆریستییەکان، بە شێوەیەکی بەربڵاو سەرمایەی گشتیی وڵات، لەمەڕ پەرەسەندنی دەسەڵاتی خۆی له باشووری عێراق، تەرخان دەکات.