کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی رێگای رزگاریی کوردستان

14:41 - 11 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: دایکی دوو شەهید و خێزانی شەهیدێکی رێگای رزگاریی کوردستان لە ناوچەی سنە کۆچی دوایی کرد.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، دایە فەرخی مینبەری، دایکی دوو شەهیدی رێگای سەربەستیی کوردستان بەناوەکانی شەهید فەرزاد مینبەری و شەهید هاشم مینبەری و هەروەها خێزانی شەهید جەعفەر مینبەری، لە تەمەنی ٧٠ ساڵی لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە فەرخی ژنێکی نیشتمانپەروەر و سیمای ناسراوی ژنە تێکۆشەری ناوچەی سنە و دەوروبەری بوو کە پتر لە ١٢ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەپێناو ئازادی و سەربەستیی کوردستان لە نێو ریزەکانی حدک ئێراندا شەهید بوون.
دایە فەرخی بە هۆی نواندنی چالاکی و بەردەوام بوونی لە خەبات بۆ دەستەبەر کردنی مافە رەواکانی گەلەکەی، زۆر جار لەلایەن رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تووشی ئازار و ئەشکەنجە بوو. بۆ نموونە چەندین جار دەسبەسەر کراو و لە زێد و نیشتمانەکەی دوور خرایەوە، بەڵام ئەو کردەوانەی رێژیم کاریگەریی لەسەر رۆحیەی شۆڕشگێڕانەی دانەنا.
تەرمی دایە فەرخی لە نێو خەم و پەژارەی خەڵکی نیشتمانپەروەری شاری سنە لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدیی ئەو شارە بە خاک سپێردرا.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەس و کاری دایە فەرخی دەکات و خۆی بە شەریک و بەشداری خەمیان دەزانێت.
رۆحی شاد