کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی جیهانی هەڵپەرکێ یان سەما (شەهین سوڵتانی)

18:15 - 9 بانەمەڕ 2713

شەهین سوڵتانی

رۆژی ٢٩ی ئاوریل، رۆژی لەدایک بوونی جان ژۆرژ نوڤەر وەکوو سەماکەرێکی سەمای بالە، لەساڵی ١٩٨٢، لەسەر پێشنیاری کۆمیتەی نیونەتەوەیی سەمای یۆنسکۆوە بە مەبەستی رێزگرتن لەهۆنەری سەما وەکوو زمانێکی هاوبەشی دنیایی، بە رۆژی جیهانی سەما ناو نرا.

هەر نەتەوەیەک لەسەر بوونی، کولتوور، زمان، مێژووی تایبەت بە خۆی پێناسە دەکرێت و ئێمەی کوردیش خاوەن کولتوورێکی دەوڵەمەندین و زۆر جاریش هونەر بۆتە بەشێک لەکولتووری تایبەت بە ئێمەی کورد کە بە دوو بەش دابەش دەکرێت
ـ ماددی
ـ مەعنەویی
لە هەر کولتوورێکدا بەشی مەعنەوییەکەی کاریگەری فراوانتری لەسەر مرۆڤەکان دەبێت و بۆ خۆناساندن بە نەتەوەکانی تر، لە کولتوور و هونەری خۆمان کەڵک وەردەگرین کە ریشەی مێژویی هەیە و پیشاندەری مێژووی ئێمەیە.

هەڵپەرکێ یان سەما ، بەشێک لەهونەرە کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و ئەم هونەرە گوزارشت لە زۆر شتی جیاواز دەکات کە بە شێوەگەلێکی جیاواز و لە کات و ساتی جیاوازدا، هەستی مرۆڤ پیشان دەدات و بەبێ زمانی ئاخاوتن خەڵک لێی تێدەگات و ئەوەی لەناخی سەماکەرەکەدا دەگوزەرێت ، مرۆڤ دەتوانێ بیخوێنێتەوە.

سەما لە کولتووری کوردەواریدا، هەمیشە نیشاندەری شادی نیە، زۆر جار لە کاتی شیوەن و لەدەس دانی ئازیزێک، مرۆڤ بەشێوەیەک جووڵە بە دەست و سەری دەکات کە دەوروبەری لە ئازاری تێدەگەن. لە کاتی بۆنە ئاینییەکاندا، بە تایبەت دەروێشانی تەریقەتی قادری، بە شێوەیەکی تایبەت سەر و مەلی خۆیان تەکان دەدەن و هەندێک جاریش رێگا رۆیشتنێکی تایبەت، نیشاندەری هەست و باوەری ئەو موریدە دەگەیەنێت.
هەڵپەرکێ کە بۆ دەربڕینی شایی بەرێوە دەچێت، خۆی مێژوویەکی تایبەت بە خۆی هەیە، زۆریک لە کولتوورناسان، هەڵپەرکێ یان سەمای بە کۆمەڵی کوردەواری ، بۆ کاتێک دەگەرێننەوە کە شەڕ هەبووە لە نێوان نەتەوەکانی تردا یان قەومەکانی تردا کە لە کاتی دەسکەوت یان سەرکەوتندا، ئەنجام دراوە. کە خۆی وەکوو هاوارێک بۆ ئازادی بووە. هەر بۆیە هەتا بە ئەمرۆش لەکۆمەڵگای کوردەواریدا ، لە کاتی سەرکەوتنێکدا شایی بەڕێوە دەچێت و خۆی نیشاندەری سەرکەوتن و ئازادی دەبێت. سەمای کوردیش، خۆی شێوەگەلی تایبەت بە خۆی لە ناوچە جیاوازەکاندا هەیە.
رەشبەڵەک، واتە ژن و پیاو بە تێکەڵی دەستی یەک دەگرن و پێکەوە لە رێوڕەسمە شایی بەخشەکاندا و لە هەموو ناوچەیەکی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت. بەڵام بە داخەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم شێوە هەڵپەرکێیە و هەروەها سەمای ژنان وەک هەر خۆشیەکی تر قەدە‌غە کراوە و لەلایەن رەهبەری مەزهەبی ئێرانەوە فتوای حەرامی لە سەر دەرکراوە، تەنانەت لە دانیشتنە شەخسیەکاندا خێزانەکان بە ترسەوە هەڵپەرکێی رەشبەڵەک بەرێوەدەبەن لە ترسی مەئموورانی دژە فەساد.

سەرەڕای ئەوە کە سەما بەشێکی لە کولتوور و هونەری هەر نەتەوەیەکە، ئەمرۆ بۆتە هۆیەک بۆ سڵامەتی و تەندروستی مرۆڤ، چاودێرانی پزیشکی بە نەخۆشەکان پێشنیار دەکەن ، لە بەر ئەوەی سەما بێ موسیقی ئیماکانی بەڕێوە چوونی نیە هەر بۆیە لەلایەن دەرونناسانەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی خەمۆکی بە گرنگیەوە پێشنیار بە نەخۆشەکان دەکرێت.

ناوەرۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە