کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێركۆ بێكەس شاعیری كورد كاندیدی خەڵاتێكی ئاشتیی نێودەوڵەتی كرا

15:17 - 10 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: مامۆستا شێركۆ بێكەس شاعیری ناوداری كورد كاندیدی خەڵاتی ئاشتیی ئیپێر لەوڵاتی بلژیك كرا.
خەڵاتی ئاشتیی ئیپێر هەر سێ ساڵ جارێك بە كەسایەتییەك یان رێكخراوێكی ئاشتی پاڕێز دەدرێت و لەپێنجەمین خولی بەخشینی ئەو خەڵاتەدا پێنج كەس بەربژێر كراون و لە ناویاندا شێركۆ بێكەس دەبیندرێت.
مامۆستا شێركۆ لەنێوان ٣٢ كەسایەتی و رێكخراوی نێودەوڵەتی، وەك شاعیرێكی نیشتمانپەروەر و ئاشتی خواز بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤دەستنیشان كراوە.
شاری ئیپێر لەبلژیک لەكاتی شەڕی جیهانی یەكەمدا بە تەواوی وێرانكرا و لەساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردووی زایینی سەر لەنوێ دروست كرایەوە و ئێستاش بەم بۆنەیە لەساڵی ٢٠٠٢ەوە، هەر سێ ساڵ جارێك خەڵاتێكی ئاشتی بە نرخی ٢٥ هەزار یۆرۆ لە لایەن شارەوانی و خەڵكی ئەو شارە بە كەسایەتی یان ئەو رێكخراوانەی كە لەپێناو ئاشتیدا هەوڵ دەدەن دەبەخشرێت .

شێركۆ بێكەس ساڵی ١٣١٨‌ی هەتاوی لەشاری سلێمانیە لەدایك بووە و بۆماوەی چەندین ساڵ لەوڵاتی سوید ژیاوە.
یەكەمین بەرهەمی مامۆستا شێركۆ بێكەس ساڵی ١٩٦٨‌ی زایینی لەژێر ناوی مەهتاب چاپ و بڵاو كرایەوە و ئەو شاعیرە کوردە براوەی خەڵاتی توچولسكی وڵاتی سویدە.