کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی ژنانی کرێکار لە ئێراندا

17:02 - 12 بانەمەڕ 2712

شەهین سوڵتانی

لە یەکەم رۆژەکانی هاتنە سەرکاری رێژیمی ئیدئۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی ئیراندا، هەنگاویی دژە ژنی هاویشت و زۆرێک لە ژنانی بە بیانووگەلێکی جیاواز، خانەنشین کرد و فەرهەنگی ژن دەبێ لە خزمەت پیاو و ماڵ و منداڵدا بێت ی پەرە پێدا. بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی وڵات کە بە هەموو شێوەیەک دژی ژن و مافەکانی ژن وەک مرۆڤە، کاریگەری زۆری لەسەر بڵاوکردنەوە و جێ خستنی ئەو فەرهەنگە هەبووە و بوونە تەواوکەری یەک بە هەموو شێوەیەک بۆ چەوسانەوەی ژنان.
کار پێکردنی ئەم یاسا و فەرهەنگە، کێشەگەلێکی زۆری بۆ چینی ژنان بەگشتی و ژنی کرێکار بەتایبەتی پێکهێناوە و زۆرێک لە ژنان لەبەر لە دەست نەدانی کارەکەیان، بێ دەنگییان هەڵبژاردووە لە جیاتی ناڕەزایەتی دەربڕین.
رێژیم بۆ مانەوە و پەرەپێدان بە مەبەستە ئیدئۆلۆژیک و سیاسەتە چەوتەکانی خۆی، هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی لە هەموو شوێنک دەسەڵاتدار کردووە، تەنانەت لە شوێنی کار و سەندیکا کرێکاریەکانیشدا! زیندانەکان پڕن لەو کەسانەی کە داوای مافی کار و ژیان دەکەن، پڕن لەو کرێکارانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە بەرانبەر بێ مەعیشیەتی و وەرگرتنی حەقی کاری خۆیان.
رێژیمی گەندەڵی ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە خاوەن کارەکان دەکات و بە دزینی سەرمایەی چینی هەژار لەلایەن کاربەدەسانی دەوڵەتەوە، کرێکارانی ئێران لەگەڵ بارودۆخێکی خراپی ئابووری بەرەوڕوون و بەپێی ئامارەکان سەدان هەزار کرێکار، بێکار کراون.
رێژیم کە لەگەڵ بارودۆخێکی زۆر ناهەمواری ئابووری رووبەڕوویە و بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە ماوەی ساڵێکە گەڵاڵەی ئامانجدار کردنی یارانەکانی هێنایە کایەوە، بە واتای لا بردنی سوبسید یان نرخی ئازاد بۆ شتومەک، ئەمیش نە تەنیا یارمەتیدەر نەبوو، بەڵکوو بارودۆخەکەی لەوە زیاتر نالەبارتر کرد و ژمارەیەکیتری زۆر بێکار و هەژارییەکی فراوانتری بۆ چینی کرێکار کردە دیاری.
ئابڵۆقە ئابوورییەکان کە بەهۆی سیاسەتە چەوت و دژ بە نێونەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلامی، بەسەر ئێراندا سەپاوە، کە بە هەزاران کارگەی بچووک و گەور مایەپووچ بوون و بێکارییەکی لە رادەبەدەری بە دواوە هاتووە و ژیانی خەڵک رۆژ بە رۆژ دژوارتر دەبێت و چینی هەژار و برسیش رووی لە زیاد بوون کردووە.
ئینجا دەسەڵاتداران و بە قەوڵ داکۆکیکەرانی مافی خوشکانی ئیسلامی، بیریان لە بەرنامەی کاری نیوە وەخت بۆ ژنان کردەوە کە بیدەن بە مەجلیس بۆ کار پێ کردنی! ئەمە جگە لە سیاسەتی سڵەمینەوەی ژن و خانەنشین کردنی ژنان و لاواز کردنیان بە هەموو شێوەیەک لە کۆمەڵگادا، چ خزمەتێک بە ژنان دەکات؟ کام کارگەیە ئامادەیە لەباتی یەک مووچە، دوو مووچە بە کرێکار بدات؟ ئەویش کرێکاری ژن! ژنانی کرێکار کە رووبەڕووی ئەو هەموو هەڵاواردنی جنسی و فەرهەنگی لە کاری تەواو وەختدا دەبنەوە، ئاخۆ بۆ کاری نیوە وەخت و نیوە مووچە، چ شتگەلێک چاوەڕوانیان بکات؟!
کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەتی و کۆمەڵگای ئێران بەگشتی، کۆمەڵگایەکی پیاوسالارانەیە و بازاری کاریشی پیاوانەیە و سوننەتی. چەوسانەوەی گەلی کورد بە هەموو شێوەیەک و لە رووی پیشەسازیشەوە کە زۆر کز و لاوازە و هیچ خزمەتێکی لەم بوارەدا پێ نەکراوە لە کوردستاندا، بارودۆخی کرێکارانی کورد چ ژن و چ پیاو زۆر خراپە و نەبوونی کارخانە و شوێنی کار، بۆتە هۆی کۆچ کردنی کرێکاران بۆ شارە گەورەکانی ئێران، کە لەگەڵ زۆر کێشەی جیاواز رووبەڕوو دەبنەوە لە پێوەندی لەگەڵ دەستەبەر نەبوونی مافەکانیان وەکوو کەمترین مووچە لە بارودۆخی دژواری ئەمڕۆدا، نەبوونی ئاسایشی کاری و هەروەهاش کەمتر رۆژێک هەیە کە هەواڵی گیان لە دەست دانی کرێکارێک نەبیستین. ئەم کۆچ بەریە زیاتر پیاوان دەگرێتەوە و ژنان لە کوورەخانەکان و لە کارگە چکۆلەکاندا، وەکوو کارگەی رستن و چنینی فەرش دەست بەکارن، کە نە خاوەنی مووچەیەکی باش و نە تەندروستی کارین، نە بیمەی کارین، نە کار و مووچەی یەکسانن لەگەڵ پیاوانداو نە سندیکای کرێکاری و نە دایەنگەیەک بۆ راگرتنی کۆرپەکانیانن وەچەندەهای دیکەش.
بەگشتی ژنی کرێکار لە ئێراندا لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا کار دەکات، لە بچووکترین قەیرانی ئابووریدا لەسەر کار لادەبرێن، و زیاتر لە پیاوێکی کرێکار دەچەوسێنەوە، زۆر جاریش بەرەوڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی جنسی دەبنەوە و لەگەڵ دەربڕینی هەر چەشنە ناڕەزایەتییەک و دژکردەوەیەک ، هەم مافی کار کردن لە دەست دەدەن و هەم بەرەوڕووی سووکایەتی دەبنەوە و زۆرجارانیش هەڵدەکەوێ ئاکام لە زیندانیشدا خۆ ببیننەوە!
بارودۆخی ژنانی کرێکار زۆر نائاساییە، زۆرێک لە کچان کە بە تەمەنی کارکردن نەگەیشتوون و کاردەکەن، کە کارەکە نە لەگەڵ تەمەنیان دەگونجێ و نە لەگەڵ و بارودۆخ و پێکهاتەی لەشیی ئەوان. هەموو ئەم هۆکارە نالەبەرانەی کارکردن لە کۆمەڵگای ئێراندا بەگشتی بۆ هەردوو رەگەزی کۆمەڵگا و ژنان بەتایبەتی دەبنە هۆی ئەوەی پاش ماوەی کارکردن، تووشی نەخۆشی و باری نالەباری تەندروستی ببنەوە و بەبێ هیچ پشتیوانی و بیمەیەکی گیانی و تەندروستی و بیمەی بێکاری داهاتوو کە ئەمەش هێندەی دیکە ژیانی ئەوان بەرەوئاڵۆزی وداڕووخان و گەلێک جاریش هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی خێزانی دەبات، کارکردن بۆ ئەوان دژوارتر بکات لە هەلومەرجی هەنووکەیی ئێراندا.