کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی ئەمریکا لەگەڵ پیتاندنی ئورانیۆمی ٥%ی لە ئێران

16:42 - 13 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوێکی ئەمریکا، هەواڵی رەزامەندیی وڵاتەکەی سەبارەت بە پیتاندنی ٥%ی ئورانیۆمی لە ئێران، وە درۆ خستەوە.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی رادیو زەمانە، واشینگتۆن دانی ئیزنی پیتاندنی ٥%ی ئورانیۆمی لە ئێران رەت کردەوە و رایگەیاندووە، هەڵوێستی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە.
چەند رۆژ پێش ئێستا یەکێک لە لێپرسراوانی دەوڵەتی ئەمریکا بە رۆژنامەی لۆس‌ئانجلس تایمزی گوتبوو: ئەگەر رێژیمی ئێران داواکاریی ئەمریکا و باقی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، لە ژێر چاودێری بەهێزی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرنامەی ناوکیی ئەو وڵاتە بێنێتە دی، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمریکا رەزامەندیی خۆی لە پیتاندنی ٥%ی لە ئێران نیشان بدات.
لەلایەکی دیکەوە ویکتۆرا نۆلاند، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دانیشتنێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: دەتوانم بڵێم هەڵوێستی ئێمە هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە و خوازیاری ئەوەین کە ئێران بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی، وەکوو راگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم، جێبەجێ بکات.
ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای لە رێژیمی ئێران کردووە بەرنامە ناوکییەکەی رابگرێت و ئێرانیش لەهەمبەردا گوتوویەتی: دەستەوەستانی گوشارەکان نابێت.
رێژیمی ئێران و رۆژئاوا چەندین ساڵە لەسەر بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە ناکۆکییان هەیە و ئەم ناکۆکییانەش بۆتە هۆی ئەوە کە ئەنجومەنی ئاسایش و وڵاتانی رۆژئاوا بە مەبەستی راگرتنی بەرنامەی ناوکیی رێژیم ئابڵۆقەی بەسەردا بسەپێنن.
ئەمریکا و رۆژئاوا، رێژیمی ئێران بە هەوڵدان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی تۆمەتبار کردووە و لە هەمان کاتیشدا گوشارێکی زۆریان بۆ ئەو رێژیمە هێناوە هەتا بتوانن لە رێگای دیپلۆماسییەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.