کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەدەرەوەی ٥٠٠ هەزار کەس لە بازاری کار

17:34 - 13 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: لە دوو ساڵی رابردوودا لە ئێران ٥٠٠ هەزار کەس لە حەشیمەتی کارای ئێران کەمی کردووە.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، وێڕای ئیدیعای دەوڵەت لەمەڕ دابین کردنی ٤.١ میلیۆن هەلی نوێی کار لە ساڵەکانی ٨٩ و ٩٠، لەو ماوەیەدا ٥٠٠ هەزار کەس لە حەشیمەتی کارای ئێران کەمی کردووە کە ئەو ئامارە لەگەڵ بەرنامەی دەوڵەت سەبارەت بە رەخساندنی دەرفەتی کار، ناتەبایە.
دەوڵەت لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، ئیدیعای دابین کردنی ١ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار دەرفەتی نوێی کار و هەروەها لە ساڵی ١٣٩٠، ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار هەلی کار لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە کراوە کە لەگەڵ ئامارە بڵاو کراوەکان سەبارەت بەو بەشە ناته‌بایە.
بەپێی ئەو راپۆرتە و لە ئەگەری دەستەبەر بوونی ٤ میلیۆن و ١٠٠ هەزار هەلی نوێی کار لە ٢ ساڵی رابردوودا کە ئیدیعای دابین بوونی لەلایەن دەوڵەتەوە کراوە، چاوەڕوانی باشتربوونی نرخی بێکاری لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دەکرا، بەڵام ئامارە پێوەندیدارەکانی ساڵی رابردوو وەها شتێک نیشان نادات.
بەگوێرەی ئامارە دەوڵەتییەکان، نرخی بێکاری لە ساڵەکانی ١٣٨٩ی هەتاوی ١٣.٥% و لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، ١٢.٣% راگەیەنراوە.
بەڵام عەبدوڕەزا تورابی ئەندامی کومیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی رێژیم نرخی راستەقینەی بێکاریی لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، زیاتر لە ٣٠% وەسف کردووە.