کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسپێكی ناونووسی پاڵێوراوانی ١١هەمین خولی سەركۆماریی ئێران و پەڕاوێز خستنی رێفۆرمخوازەكان (هێرش كەریمی)

03:37 - 19 بانەمەڕ 2713

ن: هێرش كەریمی

دەسپێكی ناونووسی پاڵێوراوانی پۆستی سەركۆماریی لەئێران و بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنانە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی شۆرای شار و گوندەكان لەحاڵێكدایە كە چەندین تەیف و بەرە لەئێران لەهەوڵی بەدەست هێنانی كورسی و پۆستەكاندان و هەروەها ئەو هەڵبژاردنانە بە یەكەمین هەڵبژاردن دوای نائارامیی و كوژرانی ناڕازییانی هەڵبژاردنەكانی چوار ساڵ لەمەوبەر (١٣٨٨ی هەتاوی) بەرامبەر بە ٢٠٠٩ی زایینی دێتە ئەژمار.

سەرلەبەیانی رۆژی سێ‌ شەممە رێكەوتی ١٧ی بانەمەڕ (٧ی مەی) وەزارەتی ناوخۆیی حكوومەتی ئێران بەشێوەی فەرمیی یاسای ناو نووسی پاڵێوراوەكانی بە پارێزگا و بەرپرسانی لێژنەی بەڕێوەبەریی هەڵبژاردنەكان راگەیاند و لەو رێكەوتەوە هەتا ٢٢ی بانەمەڕ بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت و بەپێی ئەسڵی ١١٥ لەیاسای بنەڕەتی ئێران و ماددەی ٣٥ لەیاسای هەڵبژاردنەكان تەنیا كەسانێك دەتوانن خۆیان بۆ ئەو پۆستە بپاڵێون كە ئەو مەرجانەیان تێدا هەبێ‌،رجل ( پیاو)ی مەزهەبی و سیاسیی بێت ـ بەرەگەز ئێرانی بێت ـ رەگەز نامەی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی هەبێت ـ بەڕێوەبەر و لێهاتوو بێت ـ پێشینەی دەست پاكی و دڵسۆزی هەبێت ـ باوەڕی بە بنەماكانی كۆماری ئیسلامیی و مەزهەبی فەرمیی ئێران شیعەی دوازدە ئیمامی هەبێت.

لێرەدا بە پێویستن دەزانم بۆ زیاتر روونکردنەوەی ئەو بابەتە تیشک بخەینە سەر ئەو بەرە و كوتلانەی كە هەتا ئێستا خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی لەئێران ساغ كردۆتەوە:

ـ بەرەی پێشكەوتن ( پیشرفت) یان گرووپی ٢+١
ـ بەرەی مانەوە ( جبهە پایداری)
ـ بەرەی ٥ كەسی ( ئوسوولگەرا)
ـ بناژوخواز ( ئوسوولگەرا) كانی لایەنگری دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد

بەرەی پێشكەوتن ( پیشرفت) یان گرووپی ٢+١: ئەو بەرەیە بە ئەندامییەتی عەلی ئەكبەر ولایەتیی راوێژكاری نێودەوڵەتی عەلی خامنەیی، محەممەد باقر قالیباف بەرپرسی شارەوانی تاران و غولامعەلی حەدادی عادڵ، لەكەسانی دیاری ناو ئوسوولگەراكان پێك هاتووە و لەو بەرەیەدا هێندێ‌ ناكۆكیی وەبەر چاو دەكەوێت، بۆ وێنە لەروانگەی رووحانیی و خاوەن فتواكانەوە ولایەتی دەنگی یەكەمی هەیە و ئەمە لەحاڵێكدایە كە راگەیەنەكانی نزیك لە قالیباف لەو باوەڕەدان كە بەرپرسی شارەوانی تاران كاندیدی كۆتایی ئەوانە. دیارە ولایەتی لەقسەكانیدا دەیهەوێ‌ دڵی دوو تەیف رابگرێ‌. تەیفی یەكەم ئەو كەسانەن كە باوەڕیان بە ویلایەتی موتلەقەی فەقیهـ هەیە و تەیفی دووهەمیش ئەو كەسانەی كە باوەڕییان بە دۆستایەتی لەگەڵ دەرەوە و وتووێژ لەگەڵ ئورووپا هەیە و ئەو هەڵوێستەی ولایەتی زۆر بە روونی لەقسەكانیدا دەردەكەوێ‌.

بەرەی مانەوە (جبهە پایداری): ئەو بەرەیە بە سەرۆكایەتی میسباح یەزدی ماوەی زیاتر لە 5 ساڵ لەمەوبەر پێك هات و بەیەكێك لەلایەنگرانی سەرەكیی ئەحمەدی نژاد دەهاتە ئەژمار و زۆر كەس ئێستاكەش بەبەشێك لە ئەحمەدی نژادییان دەزانن، هەر چەندە بۆ خۆیان رایانگەیاندووە كە هێڵی فكری ئەوان لە دەوڵەت جیایە و ئەو بەرەیە هەموو هێز و توانایی خۆیان لەسەر كامران باقری لەنكەرانی وەزیری تەندروستی دەركراو لەكابینەی ئەحمەدی نژاد، كۆ كردۆتەوە و هەر چەندە ئەو هەوڵە لەگەڵ دڵ رەنجانی لایەنگرانی سەعید جەلیلی نوێنەری ئێران بۆ وتووێژەكان لەگەڵ گرووپی ٥+١، بەرەو روو بۆتەوە.

بەرەی 5 كەسی: ئەو بەرەیەش بە ئەندامەتیی محەممەد رەزا باهونەر، یەحیا ئال ئیسحاق، مەنوچێهر موتەكی، مستەفا پوور ئەحمەدی و محەممەد حەسەن ئەبووتورابی پێك هاتووە.

بناژوخواز ( ئوسوولگەرا) كانی لایەنگری دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد: ئەوانەش هەتا ئێستا زۆر بە روونی نوێنەری خۆیان دەسنیشان نەكردووە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە كە ئیسفەندیار رەحیم مەشایی بەرپرسی پێشووی دەفتەری مەحموود ئەحمەدی نژاد ببێتە نوێنەری ئەو بەرەیە. دیارە سەركۆماریی ئێستای ئێران بەشێوەیەكی ناڕاستەو خۆ بەڵام جیدی رێكلام و كار بۆ رەحیم مەشایی دەكات و هەر لەو پێوەندییەدا هەتا ئێستا چەندین جار لەبەرامبەر رێبەری ئێراندا راوەستا و بێ‌ قسەیی كردووە و لەزۆربەی سەردانە ئوستانییەكانیدا دروشمی بژی بهاری سەر داوە و شارەزایان لەو باوەڕەدان ئەوە دروشمی ئینتخاباتی مەشاییە.

رەخنەگرانی ئەحمەدی نژاد لەو باوەڕەدان، كە سەركۆماری ئێران دەیهەوێ‌ بە زۆرەملێ‌ كاندیداتۆری مەشایی بەسەر شۆرای نیگایاندا بسەپێنێ‌ و دەڵێن، ئەگەر رەحیم مەشایی تەئیدی سەلاحییەت نەكرێ‌ ئەگەری ئەوەیە هەیە ئەحمەدی نژاد كێشە بخۆڵقێنێ‌.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو بەرە و دەستە بەندییانە، رێفۆرمخوازەكان هەتا ئێستا نوێنەری خۆیان رانەگەیاندووە و بە جۆرێك لە جۆرەكانەوە پەراوێز خراون و كەوتوونەتە بەر شاڵاوی لایەنگران و جەناحەكانی رێبەری ئێران. رێفۆرمخوازەكان ئەگەر بێت و كاندید دیاری بكەن تەنیا دوو كەسیان هەیە كە ئەوانیش بریتین لە: عەلی ئەكبەر هاشمی رەفسەنجانی سەركۆماریی پێشووی ئێران و سەرۆكی كۆڕی دیاری كردنی بەرژەوندییەكانی نیزام و محەممەد خاتمی سەركۆماریی پێشووی حكوومەتی ئێران.
لەدوای هەڵبژاردنەكانی خولی دەیەمی سەركۆماریی لەئێران رەفسەنجانی كەوتە بەر هێڕشی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات و چەندین جار بێانووی جۆراوجۆریان پێ‌ گرت و تەنانەت كوڕ و كچەكەشی دەسبەسەر و زیندانی كران، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە رەفسەنجانی وەكوو پەرچەكردار هیچ شتێكی لە خۆی نیشان نەدا و لەپێوەندیی كاندید بوونەكەشی لەدوایین قسەكانیدا رایگەیاند، من هەتا ئەو كاتەی كە پشتیوانی رێبەری ئێرانم لەپشت نەبێ‌ ناتوانم خۆم كاندید بكەم.
خاتمەیش یەك لەو كەسانەیە كە دەنگۆی ئەوە هەیە خۆی كاندید بكا، بەڵام ئەویش لەدوایین هەڵویستی خۆیدا رایگەیاند، هەتا ئەو كاتەی كە مووسەوی و كەڕووبی لە دەسبەسەر كراوی نەیەنە دەر من خۆم كاندید ناكەم. شارەزایانی سیاسیی لەو باوەڕەدان ئەگەر خاتمی خۆی كاندیدیش بكا لەلایەن شۆرای نیگابانەوە رەتی سەلاحییەت دەكرێتەوە و تەنانەت رۆژنامەی كەیهان كە زمانحاڵی حكوومەتی ئێرانە، خاتمی بە خائین و پیاوی ئەمریكا و موفسیدولعەرز لەقەڵەم دابوو.

بەگشتیی لەئێران ٢٤ كەسی دیار و کاربەدەستی باڵا ئامادەیی خۆیان بۆ ناونووسی دەربڕیوە و ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێژەیە زیاد بوون بە خۆیەوە ببینێت، پاڵێوراوەكان لە رۆژی ٢٢ی بانەمەڕەوە قۆناغی تاوتوێ‌ كردنی تەئیدی سەلاحییەتەكانیان دەست پێدەكات و وەزارەتی ناخۆ لیستی تۆماری ناوەكانیان بۆ دەبیر خانەی شۆرای نیگابان دەنێرێت و ئەو شۆرایە دوای پێنج رۆژ، ناوی ئەو كەسانەی كە تەئیدی سەلاحییەت كراون بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەنێرێتەوە. ئەو كەسانەی كە تەئیدی سەلاحییەت دەكرێن دەتوانن لە رێكەوتی ٣ی جۆزەردانەوە تەبلیغاتەكانی خۆیان دەست پێ‌ بكەن و رۆژی ٢٤ی جۆزەردانیش وەك رۆژی دەنگدان دیاری كراوە، بەڵام جیاوازییەك كە ئەو خولە لەهەڵبژاردنەكان وەبەر چاو دەكەوێت ئەوەیە كە، هەڵبژاردنەكانی سەركۆماریی و شۆرای شار و گوندەكان خراونەتە یەك رۆژەوە و بەرای كەسانی شارەزا و خاوەن را، حكوومەتی ئێران تەنیا لەبەر ئەوەی كە لەو رۆژەدا سەندووقەكانی دەنگدان شلووغ و قەرەباڵغ بكات و خەڵكێكی زۆر بكێشێتە بنكەكانی دەنگدان ئەو كارەی كردووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە