کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرهەمێكی بەهمەن قوبادی لەفێستیڤاڵی \"كۆسمۆراما\"ی نوروێژ بەشداریی كرد

15:32 - 21 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی لەنۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆسمۆرامای وڵاتی نوروێژ باسی ژیان و رەوشی فیلمسازی خۆی كرد و بەرهەمێكیشی لەوفێستیڤاڵەدا نمایش كرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن Rhino Season لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد بەهمەن قوبادی و بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە و چەندین سینەماكاری ناوداری ئێرانی و بیانی و هەروەها كوردانی دانیشتووی وڵاتی نوروێژ لەبەشی تایبەتی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆسمۆراما لەشاری ترۆندهایم نمایش كرا.
قوبادی دوای نمایشی شەشەمین بەرهەمی سینەمایی خۆی لەم فیستیڤاڵەدا، بە وردی وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان و ئامادەبووانی دایەوە، كە هەندێك لەپرسیارەكان لەلایەن كوردەكانی پارچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان و دانیشتووی نوروێژ لەو سینەماكارە كوردە كرابوون.
لەنۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی كۆسمۆراما و لە بەشی سینەمای ئەمڕۆی ئێراندا چەندین فیلم لەدەرهێنانی سینەماكارانی كورد و ئێرانی نمایش كران كە بریتین بوون لە:
فیلمی سینەمایی وەرزی كەرگەدەن لەدەرهێنانی بەهمەن قوبادی ـ فیلمی سینەمایی گبە واتە بەڕە لەدەرهێنانی موحسێن مەخمەلباف ـ فیلمی این یك فیلم نیست لەدەرهێنانی جەعفەر پەناهی ـ فیلمی سینەمایی پەردە لەدەرهێنانی هاوبەشی جەعفەر پەناهی و كامبووزیا پەرتەوی ـ فیلمی سینەمایی سلام سینمالە دەرهێنانی موحسێن مەخمەلباف ـ فیلمی سینەمایی وەكوو ئەوینێك لە دەرهێنانی عەباس كیارۆستەمی ـ فیلمی زیبالە دەرهێنانی بەنی خۆشنوودی ـ فیلمی باغەوان لەدەرهێنانی موحسێن مەخمەلباف ـ فیلمی دیكۆمێنتاری خانە باد كجاست؟ لەدەرهێنانی محەممەد عەلی شیرزادی ـ فیلمی سینەمایی سكوت و فیلمی سینەمایی نون و گلدون لەدەرهێنانی موحسێن مەخمەلباف.