کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڵێنیمان داوە جارێ هێرش نەکەینە سەر ئێران

23:22 - 21 بانەمەڕ 2713

ن: زووی بێرئیل
و: جەماڵ پوورکەریم


حیزبوڵلای لوبنان چەند مووشەکی هەیە؟ تا ئێستا بە ئێمەیان گوتووە کە حیزبوڵڵا دەیان هەزار مووشەکی لە بەر دەستە کە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئیسرائیلیان نیشانە گرتووە. کۆمەڵیک بازنەشیان لە سەر نەخشە کێشاوەتەوە تاکوو رادەی مەودای هێرشی مووشەکەکانی حیزبوڵڵا نیشان بدەن و دەڵێن کە هەموو شار و گوندەکانی ئیسرائیل لە ژێر دید و تیرڕەسی ئەو مووشەکانە دان. سەرەڕای ئەوەیکە ئەو باسە لە خۆیدا هەڕەشە و مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر ئیسرائیل، هیچ کەس تا ئێستا بیری لەوە نەکردۆتەوە کە عەقل حوکم دەکا ، عەمباری چەکەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان وێران بکەین.

پاش ئەوە نۆرە گەیشتە سەرۆکی بەشی لێکۆڵینەوەکان لە ڕیکخراوی ئیتلاعات نیزامیی ئیسرائیل کە ڕایگەیاند رژیمی سووریە کەڵکی لە چەکی شیمیایی وەرگرتووە. ئەو هەواڵەش دەتوانێ ببێتە بیانوویەکی باش بۆ شەڕێکی ڕێگەپێدراو و مەشڕووع. تەنانەت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش لە مەڕ ئەو بابەتە هۆشداریدا کە کەڵک وەرگرتن لە چەکە شیمیایەکان هێڵی سوورە و ڕەنگە بە هێرشی نیزامی وڵام بدرێتەوە. ئەگەر چی ئەمریکا لە سەرەتادا نەختێک درەنگ هەڵوێستی گرت ، بەڵام دواتر هاوڕی لە گەڵ ئیسرائیل پێداگری کرد کە هێڵە سوورەکان دەتوانن لە بەریەک بکشێنەوە ، بەلام دەستێوەردانی نیزامیی ئیسرائیل لە سووریەدا گرفتی نییە؛ هەر چەند نابێ بە بیانووی بوونی چەکی شیمیاییەوە بێ.

بۆ هێرشی سەر سووریە هۆکارێکی باش باسی لێوەکراوە.دەوترێ ئەو مووشەکانەی لە سووریەن ڕادەی پێکانیان بە هێزە و مەودایان درێژە ، هەروەها دەتوانن کەشتی و ژێر دەریایە ئیسرائیلیەکان بکەنە ئامانج. بەو پێیە مووشەکەکانی سووریە ((تێکدەری باڵانس )) لە ناوچەکەن. ئەوەش ڕوانگەیەک دروست دەکا کە گۆیا حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دوو ئەرتەشی گەورە و هاوتەرازن کە هەر کامەی بەشێکی بەرچاو تانک و فڕۆکە و مووشەک گەلێکیان هەیە کە لایەنی بەرانبەر لێی بێبەشە و هەر دوو لا هەوڵ دەدەن باڵانسی ترس لە نێو لایەنەکەی دیکە ڕابگرن.

جێگەی خۆیەتی لێرە دا ئەو پرسیارە بێنینە گۆڕێ کە ئەگەر مووشەکەکان لە سووریە بمێننەوە چ ڕوودەدا؟ ئایا وەها ئەگەرێک مەترسیە بۆ سەر ئیسرائیل یان ئەوەی بیانوویەکە تا بە دژی حیزبوڵڵا کەڵکی لێوەربگیرێ؟ ئەگەر سوووریە بڕیار بدا مووشەکە ئیسکادەکانی بە دژی ئیسرائیل بە کار بێنێ ، چ ڕوودەدا؟ گومان لەوە دانییە کە وەها ڕووداوێک زۆر مەترسیدارە و ئەگەر ئەو مووشەکانە بکەونە دەست توندئاژوەکانی شۆڕشی سووریە ، مەترسیەکەی زۆر زیاتریش دەبێ.

بەلام ڕووی راستەقینە شتێکی ترە. ئیسرائیل بۆ هێرشی سەر ئێران هیچ توانایەکی نییە ، چونکە بەڵێنی بە واشنگتۆن داوە جارێ لە گەڵ ئێران نەچێتە قۆناغی شەڕەوە تا لانی کەم ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران دیاری دەکرێ. بەو هۆیەوە لە ڕوانگەی ئێمەی ئیسرائیلیەوە ، مەترسیەک بە ناوی ئیران ، دەتوانێ هەروا چاوەڕێی بڕیاری تل‌آویو بمێنێ.

لە بارودۆخێکدا کە مئیر داگان ، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی ئەرتەشی ئیسرائیل گوتی کە ئێران هێڵە سوورەکانی تێپەڕاندووە ، سەرۆک وەزیران بە پێچەوانەی ئەو لێدوانی دا .لە وەها هەلومەرجێکدا ئایا خاپوور کردنی بناغەی هەزاران مووشەک لە غەززە یان هێڕش بۆ سەر بیابانی سینا کە بۆتە عەمباری مووشەک ، بۆ ئیسرائیل کافییە؟

هیڕش بۆ سەر غەززە بەو مانایەیە کە هەزاران مووشەکی قەسام و گەڕاد لە شارەکانی وەک عسقلان، سدیروت، بئر السبع و تل‌آویو بە سەر خەڵکدا دەڕژێنە خوارەوە. هێرش بۆ سەر سیناش بە مانای دروست بوونی قەیران لە گەڵ میسرە. ئەوە زۆر دژوارە کە وڵاتێک بکەوێتە ژێر فشار و هەڕەشە،بەلام بە مەرج و کۆت و بەندی سیاسی دەستەکانی ببەسترین و هێڵە سوورەکانیشی ،هێڵی سووری ڕاستەقینە نەبن .
لەو بارودۆخە دا دەبێ ئیسرائیل واز لەو هێڵ و هێڵکاریانە بێنێ و دان بەوە دابنێ کە هەموو هەڕەشەیەک ، هەڕەشە نییە لە مان و مەوجودیەتی و پێویست ناکا وەلامی بداتەوە .

ئەو هەزار مووشەکەی لە دەستی حیزبوڵڵا دان لە ساڵی ٢٠٠٦ بەولاوە بە دژی ئیسرائیل کەڵکیان لێوەرنەگیراوە و حەماسیش لە کاتی ئاگربڕەوە تا ئێستا دەستی نەداوەتە هەوڵێکی تایبەتی بە دژی ئیسرائیل. ئێرانیش بە ڕوونی بۆی دەرکەوتووە کە بە گوریسی (( پڕۆژەی ناوکی )) ناتوانێ زۆر بڕواتە قووڵایی چاڵاوەوە ، چونکە لە هەر ئان و ساتێکدا رەنگە گوریسەکە بپسێ.

لە گەڵ هەموو ئەوانەی کە گوتران ، دەتوانین بڵێین کە هێرشی نیزامیی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە کە بە ئامانجی لە ناو بردنی مووشەکە عەمبار کراوەکان لەو وڵاتەدا بەڕێوەچوو، بە هیچ چەشنێک لە ڕێژەی مەترسی و هەڕەشەکان بە دژی ئیسرائیل کەمیان نەکردەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەر و وەرگێڕە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە