کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدان و ئەشکەنجەی ٦ زیندانی سیاسیی کورد لە ورمێ

15:56 - 14 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: ٦ زیندانی سیاسیی کوردی ورمێ، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دراونەتە بەر ئازار و ئەشکەنجە و لێدان.


بەگوێرەی راپۆرتی وێبلاگی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێران، رێکەوتی ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩١ی هەتاوی، ٦ زیندانی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ بۆ ژووری لێپرسینەوە راگوێزراون، بەڵام بە هۆی بەرگریی ٤ کەس لەو زیندانییانە لەمەڕ رۆیشتن بۆ ژووری لێپرسینەوە، دراونەتە بەر هێرشی هۆڤانەی گاردی زیندان و پاشان بە زۆرەمڵی راگوێزراون.
بەپێی سەرچاوەکە، لەو لێپرسینەوەدا کە ماوەی ٥ کاتژمێری خایاندووە، یەکێک لەو ٦ زیندانییانە بەناوی عەلی حەسەن ئەندی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی هێزەکانی رێژیم و خراپ بوونی باری جەستەیی، بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.
ناوی ئەو ٦ زیندانییە سیاسییە کوردە بریتییە لە: عەلی ئەحمەد سلێمان تەمەن ٣٥ ساڵ، جەهانگیر بادۆزادە تەمەن ٤٧ ساڵ، عەلی حوسێن ئەندی تەمەن ٢٥ ساڵ، ناسر جەعفەری تەمەن ٢٢ ساڵ، جەماڵ محەممەدی تەمەن ٣٧ ساڵ و جەمیل رەشیدی تەمەن ٤٠ ساڵ.
ئەم ٦ هاووڵاتییە بەگشتی ٤٨ ساڵ و ٦ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپاوە.