کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فیلمی \"١١١ كچ\" خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەكانی بریتانیای بەدەستهێنا

15:37 - 25 بانەمەڕ 2713

كوردستان میدیا: فیلمی سینەمایی ١١١ كچ لەدەرهێنانی ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا خەڵاتی باشترین فیلمی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەكانی لە وڵاتی بریتانیا بەدەستهێنا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، فیلمی سینەمایی ١١١ كچ لە دەرهێنانی هاوبەشی سینەماكارانی كورد ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا بە نوێنەرایەتی لەهەرێمی كوردستان لە بەشی پێشبڕكێی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەكان Pan- Asia لەسینەما سینە لۆمییەر لەشاری لەندەن پێتەختی وڵاتی بریتانیا نمایشكرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فێستیڤاڵە گرینگە بەدەست بێنێت.
سیناریۆی ئەم فیلمە بیرۆكەی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادییە و سیناریۆكەی لە لایەن سینەماكاری لاوی كورد بەتین قوبادییەوە نووسراوە.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە ئاسیاییەكان خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم خولەی فیستیڤاڵ پێشكەش بە فیلمسازانی سنەیی ناهید قوبادی و بیژەن زەمانپیرا كرد.
فیلمی ١١١ كچ لە فێستیڤاڵی فیلمە ئاسیاییەكانی بریتانیادا لە لایەن رخنەگران، پەیامنێران و رۆژنامەنووسانی ئامادەبوو لە فێستیڤاڵەكەدا پێشوازی لێكرا.

ئەم فێستیڤاڵە تەنیا فێستیڤاڵی سینەمایی شاری لەندەنە كە بە تایبەت لەسەر فیلمە ئاسیاییەكان جەخت دەكاتەوە و هەوڵدەدات سیمایەكی نوێ لە سینەمای وڵاتان ئاسیا بۆ هۆگرانی بریتانی بخاتە روو.

فیلمی ١١١ كچ كە لە لایەن كۆمپانیای سینەمایی مژ فیلم لە ئاستی جیهاندا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەكرێتەوە، هەتا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی گرینگی جیهانی نمایش كراوە.