کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێنتاگۆن سەرقاڵی داڕشتنی گەڵاڵەی هێرشی نیزامی بۆسەر رێژیمی ئێرانە

18:14 - 14 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: خۆتەیار کردن بۆ شەڕی نیزامی لە دژی ئێران، سەرەکی‌ترین سیناریۆی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دێتە ئەژمار.


بەگوێرەی رۆژنامەی واشینگتۆن پوست، ئەرتشی ئەمریکا سەرقاڵی تاوتوێ کردنی گەڵاڵەی شەڕ لەگەڵ رێژیمی ئێرانە کە بەپێی رێنونییەکانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە پێناسە کراون.
سەرچاوەکە بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئاگاداری ئەو مەسەلە نووسیەتی، ئەرتشی ئەمریکا لەو بڕوایە دایە کە دەتوانێ لە ماوەی کەمتر لە سێ حەوتوو، لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و دەریاییەوە هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران تەفروتوونا بکات.
ئەم دژکردەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لەهەمبەر هەڕەشەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لەمەڕ هێرشی ئەو رێژیمە بۆسەر کەشتییە نێودەوڵەتی یان ئەمریکاییەکان لە کەنداوی فارس و هەروەها هەوڵدان بۆ داخستنی گەروو هورموز، کە یەک لە پێنجی سەرچاوە نەوتییەکانی جیهان لەو گەروویەدا تێپەڕ دەبن.
واشینگتۆن پوست لە درێژه‌دا نووسیویەتی، ئەمریکا وردە وردە هێزە نیزامییەکانی خۆی لە کەنداوی فارس جێگیر و بەهێز دەکات و دوو ناوی فڕۆکەهەڵگری خۆی لە ئاوەکانی کەنداوی فارس پاراستووە و هەروەها ژمارەی کەشتییە دژەمینەکان و هێلیکۆپتەرەکانی زیاد دەکات.
لە حەوتووی رابردووشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە فڕۆکە هەرە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا بە ناوی ئێف ــ ٢٢ لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی جێگیر کران.