کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ئیعدام مەحکووم کرا

17:36 - 15 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: زیندانییەکی سیاسیی کورد بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبێکی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران و دژایەتی لەگەڵ خوا بە ئیعدام مەحکووم کراوە.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی هرانا، زیندانییەکی سیاسیی کورد بەناوی هووشەنگ رەزایی کە لەم دواییانەدا بۆ بەندی ٣٥٠ زیندانی ئەوین راگوێزراوە، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە ئیعدام مەحکووم کرا.
بەپێی ئەم راپۆرتە ئەو زیندانییە سیاسییە لە سەرەتای ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوییەوە لە کوردستان دەسبەسەر کراوە و پاشان رادەستی بەندیخانە کراوە.
ناوبراو لە درێژەی ٢ ساڵی رابردوودا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزرە و دیداری بنەماڵە و کەس و کارەکەی بێ‌بەش بووە.
بارودۆخی تەندروستیی هووشەنگ بەتایبەت لەلایەن زار و ددانەوە نالەبارە، بەڵام بەرپرسە پێوەدیدارەکانی نێو زیندان لە پێڕاگەیشتنی پزیشکیی ناوبراو خۆیان بواردووە.
هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کردنی هووشەنگ، کوڕەمامەکەشی بەناوی سەعید رەزایی بەتۆمەتی حەشار دانی ناوبراو دەسبەسەر و حوکمی یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.
لە یەک حەوتووی رابردوودا 3 زیندانی سیاسی کورد لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی رێژیمەوە بە ئیعدام مەحکووم کراون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، لەم حوکمەدا چەندین بەندی یاسایی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مەدەنی و سیاسی، مادەی راگەیەنراوی جیهانیی مافی مرۆڤ و هەروەها بەندی ٢ی مادەی ١ی پرۆتۆکۆلی ئیختیاریی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مەدەنی بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سزای مەرگ لەلایەن دەزگا قەزاییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشێل کراوە.