کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێمۆكرات پرسی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو، تاوتوێ کرد

15:09 - 1 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی رێزدار مستەفا هیجری سكرتێری گشتی حیزبی دێمۆكرات سەردانی هاوڕێیانی پێشووی كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٣١‌ی بانەمەڕ هەیئەتێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران سەردانی هاوڕێیانی پێشووی كرد و لەلایەن بەڕێز خالید عەزیزییەوە پێشوازای لێكرا.
بەڕێز مستەفا هیجری ئامانج لە سەردانەكەی كە ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەسەر پرسی هەڵبژاردنی خولی ١١هەمی سەركۆماری لە ئێران بوو خستە بەر نەزەری هاوڕێیان ‌و باسێكی سیاسی لەسەر ئەو قەیرانەی كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی لەئاستی نێوخۆیی ‌و نێونەتەوەیدا لەگەڵی رووبەروو بۆتەوە پێشكەش كرد.
بەڕێز هیجری لەباسەكەیدا ئاماژەی بە پێكهاتەی رێژیمی كۆماری ئیسلامی وەك پێكهاتەیەكی نادێمۆكراتێك كە تەواوی دەسەڵات لەچوارچێوەی ولایەتی فقیهـدایە كرد و وتی: ئەو رێژیمە دەرەتانی هیچ جۆرە هەڵبژاردنێكی ئازاد ‌و دێمۆكراتیكی بۆ كۆمەڵانی خەڵك نەهێشتۆتەوە.

سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات وتیشی: ئەركی سیاسی ‌و نیشتمانی هێزە سیاسییەكانی كورد بە گرتنە بەری سیاسەتێكی واقیعبینانە ‌و خوێندنەوەیەكی ورد لەم هەڵومەرجە هەستیارە كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی لەنێو پێكهاتەی خۆشیدا تووشی كێشە ‌و مڵملانی زیاتر بووە ‌و لەئاستی دەرەوەش زیاتر لەجاران گوشاری لەسەرە، قورستر بووە.
رێزدار هیجری ئەوەشی خستە روو، پێویستە هەڵوێستی هێزە سیاسییەكان لەخزمەتی ئامانجە سیاسی ‌و نەتەوەییەكانی گەلی كورد ‌و پڕۆسەی دێمۆكراسی لەئێراندا بێ‌‌و جەختیشی لەسەر هەماهەنگی ‌و رەوشەنگەری هێزە سیاسییەكانی كوردستانی ئێران لەدەزگا راگەیەندنەكان بە پێی سیاسەتی خۆیان كرد و وتی: یەك هەڵوێستی ئێمە دەتوانێ‌ئەو پەیامە بگەیەنێ‌كە پرسی كورد لەسەرەوەی هەموو پرسێكی دیكەوەیە.

بەڕێز مستەفا هیجری لەو باوەڕەدابوو، كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لەچوارچێوەی سیستمی دیكتاتۆڕی رێژیمی ئێراندا ماف ‌و داخوازییەكانی بەردەوام نكۆڵی لێ‌دەكرێ‌‌و تێكۆشەرانی كورد كەمترین دەرەتانی هێنانە بەرباسی مافەكانیان پێ نادرێ‌‌و بێ‌بەزەیانە سەركوت دەكرێن، هەر بۆیە هیچ هۆیەك نیە لەم بە نێو هەڵبژاردنەدا بەشداری بكەن ‌و تەنیا رێگەی دروست ‌و هەڵوێستی نەتەوەیی، بایكوت كردنی ئەم هەڵبژاردنەیە.

پاشان بەڕێز خالید عەزیزی، را‌وبۆچوونی خۆیانیان لەسەر هەڵبژاردن باس كرد و وتی: ئەم هەڵبژاردنە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوو جیاوازی پێوە دیارە ‌و ئەو خاڵانەی كە بەڕێز مسنتەفا هیجری باسی لێ‌ كردن واقعیەتێكە ‌و كۆمەڵانی خەڵكی ئێران لەسایەی ئەم رێژیمەوە تووشی بوون ‌و خەڵك لە دەرفەتێك دەگەڕێ‌لەم وەزعە رزگاری بێ‌.

بەڕێز عەزیزی وتیشی: ئێمەیش لەو باوەڕەداین تەحریمی هەڵبژاردن ئەركێكی سیاسی سەر شانمانە و پێویستە هەر كام لەهێزە سیاسییەكانی كوردستان بە لێكدانەوەی خۆیان لەم بارەوە هەڵوێستی خۆیان بگرن ‌و هەماهەنگیش ئەركێكی گشتییە بۆ زیاتر لە قاودانی سیاسەت ‌و پیلانەكانی رێژیم كە بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدا خەڵك بێنێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و لەو پێوەندییەدا ئاشكرای كرد، پێویستە بۆ قۆستنەوەی هەر ئەگەرێك هەوڵی پێویست بدەین و بۆ راگۆڕینەوەی سیاسی لەسەر پرسە گرینگەكان لەداهاتوودا هەماهەنگی زیاترمان هەبێت ‌و رێوشوێنی پێویست بگرینە بەر ‌و زیاتر پرسی كورد مەترەح بكەین.

دوایی ئەم لێكدانەوەیە سیاسییە بەشدارانی كۆبوونەوەكە نەزەر ‌و سەرنجی خۆیانیان باس كرد ‌و لە كۆتایی ئەم كۆبوونەوە دۆستانەیەدا لەسەر هاوكاری ‌و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر باس ‌و بابەتە سیاسییەكان ‌و گرینگی دان بە كەیسی كورد پێداگیریان كردە‌وە.

بەڕێز مستەفا هیجری سپاسی پێشوازی ‌و میوانداریەتی گەرمی هاوڕێیانی كرد و هیوای خواست ئەم دانیشتنانە هەڵوێستی سیاسی بە دواوە بێ‌وەك زۆر هەڵویستی سیاسی دیكەی حیزبی دێمۆكرات كە ئەهمیەتی مێژوویی بە دواوە بووە.