کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەلاح خزری هونەرمەندی كورد، كۆڕێكی لەسەر بەیتە كوردییەكان بەڕێوە برد

20:58 - 3 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: سەلاح خزری لەهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی موزیكی ناوچەیی ، لە كۆڕێكی پسپۆڕانەدا بەیتە كوردییەكانی ناوچەی موكریانی هێنایە بەر باس و تاوتوێ‌ كرد.

توێژەری موزیكی كوردی و بەیت بێژ سەلاح خزری لەكۆڕێكدا بە ناونیشانی بەیت بێژی كوردستان لەپەراوێزی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی موزیكی ناوچەیی، توێژینەوەیەكی لەپێوەندی بەیتە كوردییەكان لەشاری تاران پێشكەش كرد.

لەو كۆڕەدا سەرەتا كورتە فیلمێكی دیكۆمێنتی لەسەر بەیت بێژ، حەیران بێژ و گۆرانیبێژانی ناوچەی موكریان لەكوردستانی ئێران پێشكەش كرا و پاشان سەلاح خزری وتارێكی زانستیانەی سەبارەت بە بەیتە کوردییەکان پێشكەش كرد.

خزری لەتوێژینەوەكەیدا باسی لەوە كردووە، كە موزیكی كوردی بە هۆی بەربڵاوی جوغرافیای و توانایی و تایبەتمەندیی زمانی كوردی كە زاراوە و بن زاراوەی جۆراوجۆری لە خۆگرتووە، لقی زۆری لێكەوتۆتەوە، لەوانە: بەیت، حەیران، حەیرانۆك، لاوك، لێ لێ، هۆرە، سیاچەمانە، بەند، مەقام و وردە مەقام، كە هەر كامیان بە شێواز و ستایلی تایبەت بە خۆیانەوە پێشكەش دەكرێن كە بەیت لەم ناوەندەدا سەرترۆپكی هەموویانە.

ئەو هونەرمەندە كوردە لەو باوەڕەدا بووە، بەیتەكان و چیرۆك و رووداوە مێژووییەكان، خەبات و ئەوین و ئایینییەكانی نەتەوەی كوردن كە لە نەوەی كۆنەوە بۆ نەوەی نوێی بەجێی ماون و ئەوەشی خستە روو كە بەیت لە دوو بەشی تەخت و بەند پێكهاتووە و بەیت بێژەكان بەشێك لەو بەیتانە بە شێوەی هۆنینەوە و قسەی ئاسایی و بەشە زۆرەكانیشی بە كەڵك وەرگرتن لە دەنگ و بە مەقامی تایبەت بە بەیت پێشكەش دەكەن.
ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر بڵاوی كردەوە خزری وتوویەتی: بەیت بێژی لە سەردەمی كشتوكاڵەوە دەستی پێكردووە و لە سەردەمی ئەرباب و رەعییەتیدا گەیشتۆتە باشترین ئاستی خۆی و هەر یەك لە میرنشینە كوردەكان، بەیت بێژێكی تایبەت بە خۆیان هەبووە كە جێگای شانازییان بووە و بەیت بێژەكان لە نێوان خەڵكیدا پێگە و رێزی تایبەت بە خۆیان هەبووە.

لەو كۆڕەدا ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و توێژەری موزیكی نەتەوەكان و بەڕێوەبەری هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی موزیكی ناوچەیی ، مامۆستایانی زانكۆی ئازادی تاران و توێژەرانی موزیكی ناوچەیی ئێران ئامادە بوون.
سەلاح خزری تەمەنی ٣٨ ساڵە و خەڵکی شاری مەهابادە و لەئەنیستیتۆی هونەری ژیلەمۆی موکریان سەرقاڵی کاری هونەرییە.