کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرتێك لەچاوپێكەوتنەكانی بەڕێز حەسەن شەرەفی لەگەڵ حیزب و كەسایەتیە سیاسییەكانی فەرانسە

15:47 - 8 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەسەردانێكدا بۆ وڵاتی فەرانسە چاوی بە لێپرسراوانی دوو حیزبی سوسیالیست و كۆمۆنیستی ئەو وڵاتە كەوت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، حەسەن شەرەفی جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات و خوسرەو عەبدوڵڵاهی بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزبی دێمۆكرات لەفەرانسە، لەگەڵ كەریم پاكزاد بەرپرسی رێكخستنەكانی حیزبی سوسیالیستی فەرانسە بۆ كاروباری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان كۆبۆوە.
لەو چاوپێكەوتنەدا كۆمەڵێك باس و بابەتی سیاسیی پێوەندیدار بەئێران و كوردستان هاتۆتە گۆڕێ‌و هەر لەو دانیشتنەدا پرسی بەرنامەی ئەتۆمی رێژیمی ئێران و ژیانی تاقەت پڕۆكێنەری هاووڵاتیانی ئێران باس كراوە.
بەڕێز شەرەفی لەدرێژەی چاوپێكەوتنەكانیدا لەوڵاتی فەرانسە، رێكەوتی ٧‌ی جۆزەردان لەگەڵ شاندێكی حیزبی كۆمۆنیستی فەرانسە لەپاریس كۆبۆوە.

لەو دانیشتنەدا بەڕێز شەرەفی باسی دۆخی ئابووری، سیاسی و كۆمەڵایەتی خەڵكی ئێران، كاریگەری گەمارۆكان بۆ سەر رێژیمی ئێران و چینی مام ناوەندی هاووڵاتیان، پرسی شانۆی هەڵبژاردن و بزوتنەوە كرێكاری، ژنان و مامۆستایانی بۆ شاندەكە كرد.
رێزدار شەرەفی لەدرێژەی قسەكانیدا پڕژایە سەر سەركوتی ئازادیخوازان بەتایبەتی لەكوردستان و خەباتی نەتەوە ستەم لێكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی ئێران.
پرسی سووریە و پشتیوانییەكانی رێژیمی ئێران لەبەشار ئەسەد و دۆخی نەتەوەی كورد لەهەر چوار بەشی كوردستان تەوەرێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكە بوو.
شاندی حیزبی كۆمۆنیستی فەرانسە بریتین بوون لە: لیدیا سەمەر بەخش بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیلوی ژان بەرپرسی كارە پێوەندیدارەكان بە بزووتنەوەی كورد و پاتریك مەرگەتی بەرپرسی كۆمیسیۆنی لێكۆلینەوە لەسەر خەباتی ئازادیخوازن لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین.