کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگی ئازادی( برایم لاجانی)

15:41 - 10 جۆزەردان 2713

برایم لاجانی

جیاوازیدانان بریتیە لە هەر چەشنە هەڵاواردنێکی ناڕەوا و نابەجێ کە دەوڵەت بەرانبەر کەسێک، کەسانێک یان گرووپێک یا پەیڕەوانی کەمایەتیە نەتەوەیی، مەزهەبی، ئیتنیکی، جینسی و زمانی و هتد.... یەکان بەڕێوەی دەبات.

لەو وڵاتانەدا کە نەتەوەو پەیڕەوانی دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکانی تێدا دەژین، ئەو جیاوازیدانانە لە فۆڕم و شێوەی جۆراوجۆردا خۆی نیشاندەدا. بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی دەتوانین بڵێێن کە پەیڕەوانی کەمایەتیەکان شانس و دەرفەتی وەک یەک و بەرانبەر لەگەڵ ئەو کەسانەیان نادرێتێ کە سەر بە نەتەوە یا دەستە و تاقمە دەسەڵات دارەکانن تا ئەوانیش بتوانن وەک ئەوان لە توانا و لێوەشاویی و سەرچاوەکانی خۆیان بۆ چوونەپێش و گەشەکردن و هەڵدان کەڵک وەرگرن(Rogstad 2001& 2006,Støren 2004).

لە وەزعێکی ئاوادا ئەو جیاوازی دانانە ناڕەوایە دەبێتە گیروگرفتێکی جدیی سیاسی و وەک گەورەترین کێشەی دێمۆکراسی خۆی نیشان دەدا. چونکە هەڵاواردنی لەو چەشنە دەبێتە هۆی ئەوەی نۆڕم و بایەخە بنەڕەتیەکانی مافی مرۆڤ و مافی شارۆمەندی بخرێنە ژێرپێ. چونکە لە ئاکام دا هەلی وەک یەک بۆ هەموو هاووڵاتیان، بۆ بەشداری لەبەرێوەبردنی کاروباری وڵاتدا پێک نایە.

ئێمە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە ئێسک و پێستەوە ئەو جیاوازی دانان و هەڵاواردنە ناڕەوایەی دەوڵەتی ناوەندی لەسەر خۆمان هەست پێ دەکەین.
ئەو هۆیانەی دەبنە سەرچاوەی ئەو جیاوازی دانان و هەڵاواردنانە زۆر و ئاڵۆزن.

لەلایەک دەستەڵاتی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگی و مێدیایی و نیزامی و ئەمنیەتیی لە دەستی نەتەوەیی فەرمانڕەوا دایە. لەوەش زیاتر لە سێبەری کۆماری ئیسلامیدا دەوڵەت مەزهەبی تایبەت بەخۆی هەیە کە وەک چەکێک بۆ بردنە پێشی سیاسەتەکانی دەکاری دەکا. قانوون و سیاسەت و بەرنامە و پڕۆژەکانی دەوڵەتی ناوەندیی بە جۆرێک دادەڕێژرێن کە ئەو هەڵاواردن و جیاوازیدانانە بۆتە تایبەتمەندیی هەرە بەرچاوی ئەوان. ئەوەش بەنۆرەی خۆی ئاکامی جۆراوجۆری بۆ کەمایەتیەکان و کەسانی سەربەوان بەدواوەیە. کاربەدەستانی دەوڵەتی لە هەموو شوێنێک و لە هەموو ئاستەکاندا ئەو سیاسەت و بەرنامانە لە کردەوەدا بەرێوەدەبەن.

بەمجۆرە تەبعیز و هەڵاواردن نەک هەر لە ئاستی خوارەوە و فەرهەنگی و کولتووریدا، بەڵکوو لە ئاستی رەسمی دا لە دژی خەڵکی کوردستان و کەمایەتیە مەزهەبی و نەتەوەییەکانی دیکە بەرێوەدەچێ و پڕۆژەیەکی دەوڵەتیە.
لە ئاکامی ئەو سیاسەتە دەوڵەتیەدایە کە کەمایەتیە نەتەوەییەکان لە ئێراندا هەست دەکەن کە دەچەوسێنەوە، لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی دان و لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بێ بەشن.
هیچ کوردێک، بەلووچێک، عەرەبێک، ئازەریەک، باهائیەک، کەلیمیەک و سونیەک نابینی لە ئێرانی ئەمڕۆدا بەدەست سیاسەتی هەڵاواردن و جیاوازی دانانەوە وەزاڵە نەهاتبێ. ئاخر ئەوان ئەزموونی تاڵیان لەو بارەوە هەیە کە لە ژیانی واقعی خۆیانەوە لە نێو کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێراندا سەرچاوەدەگرێ. ئەوان لە زانکۆکاندا، لە ناوەندە ئیداری و دەوڵەتیەکاندا، لە کارگەو کارخانەکاندا، لە قوتابخانە و باخچەکانی ساوایاندا، لە پادگان و ناوەندە نیزامی و ئەمنیتیەکاندا، لە فڕۆکەخانە و شوێنە گشتیەکاندا، تەنانەت لە نێوبازاڕ و مزگەوت و ناوەندە مەزهەبی و ئایینیەکاندا، هەڵسوکەوتی
نا عادڵانەیان دەگەڵ دەکرێ و وەک هاونیشتیمانی دەرەجە چەندەم تەماشادەکرێن. ئەوان تەنیا تاوانیان ئەوەیە کە کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری، کەلیمی، زەردەشتی ، تورکمەن یا سونین.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەو جیاوازی دانان و هەڵاواردنە ڕەسمی و دەوڵەتیە بەرانبەر کەمایەتیەکان چ ئاکامێکی سیاسی لێ پەیدادەبێت؟
تاقیکردنەوەی وڵاتانی فرەگەل بە گشتی و ئەزموونی وڵاتی خۆشمان ئەوە نیشاندەدەن کە لە هەرجێیەک کەمایەتیەکان و کەسانی سەربەوان، پتر هەست بە هەڵاواردن و تەبعیز و جیاوازیدانانی ناڕەوا بەرانبەر خۆیان بکەن، بەشداری زیاتر لە کاروباری سیاسی دا دەکەن و ئەنگیزە و مۆتیڤاشونیان بۆ کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی و خەباتگێرانە زۆرتردەبێ.

ئەوان دەیانەوێ ئەو ڕەوشە بگۆڕن کە لە نێویدا دەژین. خەبات و تێکۆشانی ئەوان لە هەلومەرجێکی لەوچەشنەدا، تێکۆشانیکی عادڵانەیە. هەر بۆیەش لەلایەن هەموو پەسندکراوە نێونەتەوەیەکان و کۆنڤانسیۆنەکانی مافی مرۆڤ و مافی کەمایەتیەکانەوە دەپارێزرێ و بە کردەوەیەکی ڕەوا دادەنرێ.

ئێمە خەڵکی کوردستان لەو چەند سەدەی دوایدا، هەمیشە سیاسەتمان لەسەر دارێژراوە و بەرێوەبراوە. واتە هیچ وەختێک خۆمان فاعیل نەبووینە لە سیاسەتگوزاریەکدا کە پێوەندی بە ژیانی ئێمەوە هەبووە. لەوەش زیاتر تەنانەت لە پیادەکرنی ئەو سیاسەتەشدا دەستمان نەبووە.

هەموو ئامانجی خەباتی ئێمەو نەتەوەبندەستەکانی دیکەی ئێران ئەوەیە کە بۆخۆمان ببینە داڕێژەرو بەرێوەبەر و پیادەکەر و فاعیلی ئەو پۆلیتیکەی پێوەندیی بە ژیان و چارەنووسمانەوە هەیە. ئەو داخوازیە سیاسیە یە کە بۆتە سەرچاوەی مۆتیڤاشۆن و ئەنگیزەی خەباتی سیاسی خەڵکی کوردستان. هێمن وتەنی خەباتی ئێمە خەباتێکی ئینسانیە. بانگی ئازادی و گڕووی یەکسانیە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نیە