کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی ٥ ساڵ زیندان بۆ هاووڵاتییەکی سەقزی بـڕایەوە

23:30 - 16 بانەمەڕ 2712

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.


بەگوێرەی راپۆرتی هەواڵدەریی کوردپا، محەممەد عەزیزی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی گوندی کاوملەی سەربە ناوچەی سەرشێوی سەقز لە زستانی ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە گوندی مەرخوزی سەر بە ناوچەی گەورکایەتی‌ی سەقز دەسبەسەر کرا.
محەممەد عەزیزی لەلایەن دادگای سەرەتاییەوە حوکمی ٦ ساڵ زیندانی تەعزیریی بۆ بـڕاوەتەوە و دواتر لە دادگای پێداچوونەوە ئەو حوکمەی پەسند کردووە.
یەکێک لە کەسانی نزیکی بنەماڵەی محەممەد عەزیزی بە سەرچاوەکەی گوتووە، ئەو حوکمە لە ئەنجامی ناڕەزایەتیی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پارێزەرەکەی، رەوانەی دادگای بەرزی وڵات کراوە و دواتر لەلایەن ئەو ناوەندەوە، حوکمەکەی بۆ ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کراوەتەوە.
کەسێکی نزیکی ئەو هاووڵاتییە کە نەویستووه ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتوویەتی: محەممەد عەزیزی لەگەڵ برایەکی دیکەی بە تاوانی ئەندامەتیی لە حێزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەسبەسەر کراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا جەماڵ عەزیزی برای محەممەد عەزیزی زستانی ١٣٨٧ی هەتاوی دەسبەسەر کرابوو کە پاش تێپەڕاندنی ١ ساڵ زیندانی ئازاد کراوە.
محەممەد عەزیزی پێشتریش بە تاوانی ئەندامەتیی لە حیزبێکی کوردی دژبەری رێژیمی تاران نزیک بە ١٢ ساڵ لەمەوبەر حوکمی ئیعدامی بۆ بڕابۆوە، بەڵام دواتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە حوکمەکەی دەکرێ‌ بە ١٥ ساڵ زیندانی و پاش تێپەڕاندنی ٨ ساڵ لەو پازدە ساڵە، ئازاد دەکرێت.
ئەو هاووڵاتییە کوردە ئێستا لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.