کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خێزانی پێشمەرگەیەكی دێرینی حیزبی دێمۆكرات لەناوچەی سەرپێڵ كۆچی دوایی كرد

16:53 - 12 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: خاسیە عەبدولڕەحمانزادە خێزانی خاڵۆ مەجید شیرین گوفتار، پێشمەرگەی دێرین و كۆچكردووی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەنەخۆشخانەی سەرپێڵی زەهاو كۆچی دوایی كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، دایە خاسیە ساڵی ١٣١٩ ی هەتاوی لە گوندی دەربەندزەردی ناوچەی سەرقەڵای سەر بە شارستانی سەرپێڵی زەهاو لەدایك بووە و دواتر لەگەڵ خاڵۆ مەجید ژیانی هاوسەری پێك هێناوە.

كاتێك كە خاڵۆ مەجید چەكی شەرەفی پێشمەرگایەتیی هەڵگرت، ئەركی بنەماڵەكەی كەوتە سەرشانی دایە خاسیە و بە جۆرێك جێگای خاڵۆ مەجیدی بۆ منداڵەكانی پڕ كردبۆوە.

هەر ئەو ورە پۆڵاینەی دایە خاسیە بوو كە وای لەخاڵۆ مەجید كرد هەتا دوایین رۆژەكانی ژیانی درێژە بە خەباتی پڕ لە شانازیی خۆی بدا.


دایە خاسیە و بنەماڵەكەی بە هۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ لە خاك و زێد و نیشتمانی خۆیان دوو كەوتنەوە و ئاوارەی عێراق بوون و دوای شەڕی حكومەتی عێراق و كۆیت، گەڕانەوە بۆ دەشتی زەهاو و لەو ماوەدا و هەتا دوایین كاتەكانی ژیانی سەلماندی كە هەم دایكە و هەم وڵات خۆشەویستە.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران سەرەخۆشی لەبنەماڵی دایە خاسیە دەكات و خۆی بەشەریكی خەمیان دەزانێت.

رۆحی شاد