کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێكی پایەبەرزی حیزبی دێمۆكرات لەرێوڕەسمی ساڵیادی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان لەهەولێر

16:32 - 14 جۆزەردان 2713

كوردستان میدیا: شاندێكی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران بەسەرپەرستی بەڕێز مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێمۆكرات بەشداریی لەرێوڕەسمی ٣٨مین ساڵیادی دامەزرانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان لەشاری هەولێر كرد.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٣‌ی جۆزەردان رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان بە بەشداری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، شاندێكی حیزبی دێمۆكرات، چەندین لایەنی سیاسیی و حكوومەتی و شاندی بیانی لەهۆتێل تارین لەشاری هەولێر بەڕێوە چوو.
رێوڕەسمەكە سەرەتا بە خولەكێك بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لەگیانی پاكی شەهیدانی كورد ‌و كوردستان دەستی پێ كرد‌و پاشان بەڕێز د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی بە زمانەكانی كوردی ‌و ئینگلیزی پێشكەش بە ئامادە بوان كرد.
بەرهەم ساڵح لەپەیامەكەیدا وێڕای بە خێر هاتنی میوانەكان پێزانینی یەكیەتیی بۆ بەشداریی كردنیان دەربڕی ‌و ئاماژەی بە هەلومەرجی دامەزرانی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان، خەبات ‌و تێكۆشانی ‌و قوربانیدانی لەرێگای ئازادی گەلی كورد ‌و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەكانی كرد و باسی لەهاوكاری ‌و هاوخەباتی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی كورد ‌و عێراق، بە تایبەت لەسەر هاوكاری ‌و هاوخەباتی یەكیەتی ‌و پارتی كرد.


لەبڕگەیەكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا چەندین گۆرانی و ئاهەنگی هەڵپەڕكێ بەڕێوە چوو.

لەو رێوڕەسمەدا بەڕێز مستەفا هیجری پیرۆزبایی دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆكراتی پێشكەش بە هاوڕێیانی مەكتەبی سیاسی یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان كرد ‌و هیوای سەركەوتن لەپێناو خزمەت بە ئامانجەكانی گەلی كوردی بۆ خواستن.

هەیئەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەپەراوێزی رێوڕەسمەكەدا لەگەڵ چەندین كەسایەتی سیاسی ‌و نوێنەرانی حیزب ‌و لایەنە سیاسییەكان چاوپێكەوتنی كرد.