کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیانییە/ حیزبی دێمۆکرات سووکایەتی کردن بە ئایینی یاری مەحکووم کرد

17:39 - 18 جۆزەردان 2713

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەبەیاننامەیەکدا بێ رێزی کردن بە پەیڕەوانی ئایینی یارسانی مەحکووم کرد.

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەی دەفتەری سیاسی بۆ مەحکووم کردنی سووکایەتی بە ئایینی مرۆڤەکان

هاونیشتمانانی بەڕێز

هەواڵی گیان لەدەست دانی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان بۆ جارێکی دیکە قووڵایی قەیران و ستەم و نادادپەروەری و تاوانی لەنێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا نیشان دا و سەلماندی کە ئەم رێژیمە هیچ بەها و نرخێک بۆ مرۆڤ و باوەڕەکانی و ماف و پێداویستییەکانی دا نانێ و مرۆڤ تەنیا وەکوو مۆرە و سووتەمەنی بۆ بەڕێوەبردنی پیلانی رێژیمەکەی دەوێ.

هەر وەک لەهەواڵەکان بڵاو بۆتەوە دوو هاووڵاتیی پەیرەوی ئایینی یاری، لە دوو رۆژی جیاواز و لە ١٤ و ١٥ی مانگی جۆزەردان، بەڵام لەیەک شار و لەیەک شوێن، بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سووکایەتی کردن رێژیمی کۆماری ئیسلامی و دەزگا ئیتلاعاتییەکان بە ئایینی یاری و بیروباوەڕی خەڵکی پێڕەوی ئەو ئایینە، ئاگریان لەخۆیان بەردا و بەداخەوە یەکێکیان گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیکەش گیانی لەمەترسی دایە.

خۆسووتاندن و ئاگر لەخۆ بەردان هەرچەند نیشانەی ئەو پەڕی ئامادەیی نیشاندان بۆ قوربانی بوون لەپێناو باوەڕدایە و نیشانەی ئەوپەڕی بێزاری لەدۆخی هەنووکییە، بەڵام ناکرێ تەئید و پشتیوانی بکرێ و رێگای بەرخۆدان و بەربەرەکانێ و راوەستان لە بەرانبەر ستەم و چەوسانەوەدا زۆرن.

رێژیمی ئیدئۆلۆژیک و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا بیر و ئیدئۆلۆژی خۆی بە تەنیا رێگای بیرکردنەوە و باوەڕ دەزانێ و بە رەسمی و نارەسمی سووکایەتی بە هەموو بیر و بۆچوونێکی دیکە دەکا، نە تەنیا توانای قبووڵ کردنی بیر و هزری غەیرە دینی یان سیکۆلاری نییە، بەڵکوو پێڕەوانی دینەکانی دیکەش بە سووک چاو لێ دەکا و تەنانەت لەنێو باوەڕمەندان بە ئیسلامیشدا جیاوازی دادەنێ و پەیرەوانی مەزهەبیی سوننە و پەیرەوانی رەوتە جیاوازەکانی شیعە وەکوو زەیدی و دەروێشەکانی گونابادی و ....، بە دوژمنی خۆی دەزانێ و لەژێر گوشار و چەوساندنەوەدا هەموو ماف و ئازادییەکەیان پێشێل دەکا.
پەێرەوانی ئایینی یاری کە بە زۆرینە لەدوو ئوستانی کرماشان و ئیلام هەندێکیان لەهەمەدان دەژین، هاونیشتمانانی کورد و کوردستانین کە وەکوو هەموو مرۆڤێک خاوەنی بیر و باوەڕی خۆیانن و هیچ کەس و هیچ لایەنێک بۆی نییە سووکایەتی بە باوەڕ و بۆچوونی کەس و گرووپی دیکە بکا و بنەمای پێکەوە ژیانی مرۆڤانە، رێزگرتن لە باوەڕ و ماف و ئازادییەکانی یەکترە.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر جیایی دین لە حکوومەت بۆ ئەوەی هیچ ئیدئۆلۆژی و کەسێک حکوومەت پاوان نەکا و سووکایەتی و ستەم بە بیر و باوەڕەکانی دیکە نەکا، هەروەها بۆ پاراستنی پیرۆزی و کەسی بوونی ئایین، پشتیوانی خۆی لەویست و داخوازییەکانی پەیرەوانی ئایینی یاری دەردەبڕێتەوە و دەبی هەموو کەس بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی پرسە ئایینییەکان ئازاد بێ و نابێ کەس ئازادی ئەوی دیکە پێشێل بکا.
هەر لەو پێوەندییەدا وێڕای مەحکووم کردنی ستەم و تاوانکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەزگا ئیتلاعاتییەکان و مەحکووم کردنی دووبارەی سووکایەتی کردن بە بیر و باوەڕی دیتران، سەرەخۆشی لەبنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە گیان لەدەست داوە دەکەین و داوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکەی دیکە دەکەین، هەروەها لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤ دۆستان و نێونەتەوەییەکان داواکارین کە لەبەرانبەر ستەمکاری و تاوانبارییەکانی رێژیمی وەلایەتی فەقیهـ دا بێ دەنگ و بێ هەڵوێست نەبن.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

دەفتەری سیاسیی

١٨‌ی جۆزەردانی ١٣٩٢‌ی هەتاوی
٨ی ژوئەنی ٢٠١٣ی زایینی